بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یەحیا ئالی ئێسحاق ڕایگەیاند کە ئاسۆی دیاریکراوی بەردەم پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی نێوان ئێران و عێراق ساڵانە 20 ملیار دۆلارە و تا 15 داهاتوو بازاڕی ئێران و عێراق دەبێتە گەورەترین گۆڕەپانی چالاکیی دووقۆڵی.
ناوبراو وتی: عێراق لەم ساڵانەدا بەردەوام هاوبەشی پلە دوو یان سێ بازرگانیی ئێران بووە، تا 15 ساڵی داهاتوو دۆخەکە بەرەو ئەوە دەڕوات کە بازرگانیی نێوانیان ببێتە گەورەترین گۆڕەپان بۆ چالاکوانانی هەر دوو وڵات و لە بواری سەرجەم کاڵاکان یا پرۆژە گەورەکان دەرفەتی چالاکی هەیە، هەر بۆیە ئەو کەسانەی کە ئەمڕۆ لە هێڵی پێشەوەی چالاکییە ئابورییەکانی نێوان ئێران و عێراقن 15 ساڵی داهاتوو سەرکەوتنی گەورەیان بۆ دەبێت.
سەرۆکی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران و عێراق جەختی لە سەر ئیرادەی بەرپرسانی باڵای هەر دوو وڵات بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان کردەوە و وتی: لە هەندێک قۆناغدا ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو وڵات گەیشتووەتە 13 ملیار دۆلار و بڕیارە ئەم ڕێژەیە بگاتە 20 ملیار دۆلاری ساڵانە، لە بەر ئەوەی کە لە پارێزگاکان و بەشە جیاجیاکانی پیشەسازیی ئێران ئەم توانا و دەرفەتە بوونی هەیە.
ئالی ئێسحاق وتی کە ڕێکەوتنی ئەوەش کراوە هاوسەنگی لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئێران و عێراقدا هەبێت، نەک ئەوەی کە بە تەنیا هەناردەی ئێران بۆ عێراق لە خۆ بگرێت، هەر بۆیە دەبێتە دەرفەتێکی باش بۆ بازرگانانی هەر دوو وڵات./.