بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئێحسان عەتایا سەبارەت بە شەڕەکەی ئەم دواییەی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی کەرتی غەززە و ئامانجەکانی لەو هێرشەدا، وتی: ئامانجی دوژمنی زایۆنیستی لە هێرشەکانی دژ بە کەرتی غەززە، لاوازکردن و لەناوبردنی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین بووە، بەم هۆیەوە ئەم شەڕەی بە تایبەت لە دژی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی بەڕێوە برد، ڕژێمی زایۆنیستی هەر لە چەند مانگی ڕابردوو لە دژی خەباتگێڕانی خۆڕاگری لە کەرتی خۆرئاوا بە تایبەت لە شارەکانی جنین و نابلۆس بە تیرۆر و دەستبەسەرکردن ئەم سیاسەتەی جێبەجێ کرد، لە چوارچێوەی ئەم سیاسەتەدا بوو کە شێخ بەسام سەعدی لە کەرتی خۆرئاوا چەند ڕۆژ پێش تیرۆری فەرماندە تەیسیر جەعبەری لە غەززە دەستبەسەر کرا.
ناوبراو وتی: ئاشکرایە کە دوژمنی زایۆنیستی بە هاوئاهەنگی تەواو لە گەڵ حکومەتی ئەمریکا بڕیاری لاوازکردن و لەناوبردنی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامیی دەرکردووە، ئەم بڕیارەش بە هۆی بەهێزبوونی ڕۆژانەی جیهادی ئیسلامی بە تایبەت پێکهێنانی کەتیبە و فەوجەکانی لە کەرتی خۆرئاوا دەرکراوە، لە بەر ئەوەی کە جیهادی ئیسلامی لەوپەڕی بەهێزیدایە و بووەتە بەربەستێکی گەورە لە بەردەم جێبەجێکردنی پیلانگێڕییەکان لە دژی فەڵەستین، بە تایبەت ئەو پیلانەی کە بە ناوی گرێبەستی سەدە لە لایەن ئەمریکا، ڕژێمی زایۆنیستی و ژمارەیەک وڵاتی عەرەبییەوە ڕاگەێندرا، یان بەیاننامەی قودس و پێشنیارەکانی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە سەردانەکەی بۆ تەل ئەبیب، ئامانجی سەرجەم پیلانەکانیش لەناوچوونی ئامانجی فەڵەستین، نیشتەجێکردنی ئاوارەکانی فەڵەستین لە ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی جیهان یان بە واتایەکی دیکە بڵاوەپێکردنی ئەوان، گۆڕینی شووناس و دیمۆگرافیای ناوچە جیاجیاکانی فەڵەستین و جێبەجێکردنی پرۆژەی بە ناو ئاشتی پاش هەوڵەکانیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی غەززە.
ئەو بەرپرسەی جیهادی ئیسلامی لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە بۆ سەرکردەکانی ڕژێمی زایۆنیستی سەرەڕای ئاگربەست، هەڕەشەی تیرۆرکردنی فەرماندەکانی خۆڕاگری دەکەن، وتی: بەرپرسانی ڕژێمی زایۆنیستی گەیشتوونەتە بنبەستێکی سیاسی، کێشە ناوخۆییەکانی ئەوان زۆرە و ناکۆکییەکانیان پێ چارەسەر ناکرێت، هەڕەشەکانی ئەوانیش زیاتر ڕەهەندی ناوخۆیی هەیە، ڕژێمی زایۆنیستی بەرەو لاوازیی تەواو و شکست دەڕوات و بۆ مانەوەی خۆی پێویستی بە پاڵپشتی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا و عەرەبی هەیە.
ئێحسان عەتایا وتی: لە شەڕەکەی ئەم دواییەدا کەتیبەکانی سەرایا قودس بە خێرایی وەڵامی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستییان دایەوە، ئەم وەڵامەش بە پێی ستراتیژی یەکڕیزی مەیدانی بووە و دوژمن لە گەیشتن بە ئامانجەکانی شکستی هێنا، زایۆنیستەکان بیریان لەوە نەدەکردەوە کە بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی بە بێ لایەنەکانی دیکە توانای وەڵامدانەوەی تاوانی تیرۆری تەیسیر جەعبەریی هەبێت.
وتیشی کە جیهادی ئیسلامی لەم شەڕەدا دوژمنی زایۆنیستیی وەها تێکشکاند کە بۆ سەرجەم وڵاتانی جیهان ڕوون بووەتەوە و لاوازیی ئەوانی لە بەردەم تەنیا یەک گرووپی فەڵەستینییەوە خستەڕوو، ئەگەر سەرجەم لایەنەکان و گرووپەکانی فەڵەستینی پێکەوە کۆببنەوە و لە یەک بەرەدا شەڕی دژ بە زایۆنیستەکان بکەن، چارەنووسی ئەو ڕژێمە چۆن دەبێت./.