بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دیمێتری شوگایف سەرۆکی ڕێکخراوی هاریکاری سەربازیی ڕووسیا ڕایگەیاند کە هەناردەی چەکی ئەم وڵاتە لە ساڵی 2021 بە بەهای 14 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار بووە.
ناوبراو لە میانەی کۆبوونەوەیەک بە ناونیشانی ” سوپا 2021 ” ڕایگەیاند کە ڕووسیا لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوو هەناردەی چەکی لە نێوان 14 تا 15 ملیار دۆلار بووە و ئەوەی پاراستووە.
هەناردەی چەکی ڕووسیا لەم ساڵانەدا زیاتر بۆ وڵاتانی عێراق، میسر، هیندستان، چین، جەزایر و کازاخستان بووە.
ڕووسیا لە ساڵانی 2017 تا 2021 دووەم گەورە هەناردەکاری چەکی جیهان بووە و پشکی ئەم وڵاتە لە بازاڕی چەکی جیهان لە سەدا 19 بووە.
ئەمریکا بە هەبوونی لە سەدا 39 ی پشکی بازاڕی چەکی جیهان، گەورەترین هەناردەکاری چەک بووە. پاش ئەم دوو وڵاتەش، فەرەنسا بە پشکی لە سەدا 11 و چین بە لە سەدا 4.5 لە پلەکانی سێهەم و چوارەم ناویان هاتووە.
فڕۆکە سەربازییەکان زیاتر لە نیوەی هەناردەی چەک و کەرەستەی سەربازیی ڕووسیا پێک دێنن./.