بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کورتە فیلمی ‘هاجەر’ لە نوسین و دەرهێنانی هەڵگورد ساڵح لە بەشی پێشبڕکێی فیستیڤاڵەکەدا بەشدار دەبێت، چیرۆکی باس لە ماڵباتێک دەکات کە قوربانی کۆمەڵکوژیی ئەنفالی گەرمیانە.
ماوەی فیلمەکە 14 خولەکە و لە دەربەندیخان وێنەگیراوە، ئەم بەرهەمە پێشتر بەشداری لە پێنجەمین فیستیڤاڵی نێودەڵەتیی فیلمی سلێمانی کردووە.
بە گوێرەی هەواڵی کەناڵی ڕووداو، فیلمی دووەم کە لە فیستیڤاڵەکەدا بەشدارە، کورتە فیلمی ‘ژووری سوور’ـە کە لە نووسینی ئاوارە عومەر و لە دەرهێنانی لیلیان ئەمیرە.
ئەم بەرهەمە چیرۆکی ژنێک دەگێڕێتەوە کە لەگەڵ کچەکەی تەنیا لە ماڵێکدا دەژین، بۆ بەدستهێنانی بژێوی ژیانیان رۆژانە چەند پیاوێک سەردانی ماڵەکەیان دەکەن، بەهۆیەوە لەلایەن دراوسێکانییەوە بە چاوێکی خراپ سەیر دەکرێن.
ئەم بەرهەمە پێشتر لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی نێودەوڵەتیی فیلمی سلبێرتی لە ئیتالیا، 25مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی زەنزیبار لە ئەفریقا و لە پێنجەمین فیستیڤاڵ نێودەڵەتیی فیلمی سلێمانی بەشداربووە.
سێیەم بەرهەم کە لە فیستیڤاڵی فیلمی سالینتۆ بەشدارە، کورتە فیلمی ‘Mind Clemency’یە لە نووسین و دەرهێنانی وارمان سەعید، چیرۆکی باس لە پیاوێک دەکات کە هاوژینەکەی تووشی نەخۆشی زەهایمەر بووە و هەوڵدەدات یادەوەری بۆ بگەڕێنێتەوە.
ئەم بەرهەمە لە سلێمانی وێنەگیراوە هەریەکە لە قادر جەلال و ئەڵماس چاوشین رۆڵی تێدا دەگێڕن.
فیستیڤاڵەکە سێ بەشی سەرەکی لەخۆدەگرێت، بەشی کورتە فیلمی تایبەت بە ژنان لە هەردوو بەشی نێودەڵەتی و نێوخۆیی، بەشی کورتە فیلمی نێودەڵەتی، بەشی فیلمی درێژ و بەشی بەڵگە فیلمی نێودەوڵەتی.
هەرسێ کورتە فیلمەکە لە لایەن کۆمپانیایی رێتاو فیلم کاری بڵاوکردنەوەی بۆ دەکرێت کە کۆمپانیایەکی کوردییە و کار بۆ بڵاوکردنەوە فیلمی کوردی لە ئاستی نێوخۆیی و جیهانیدا دەکات.