بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی دووشەممە 22 ی ئابی 2022 لە وەڵامی پەیوەندییەکی تەلەفوونی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لە سەر پێویستی پاراستنی یەکڕیزی عێراقییەکان کردەوە و وتی: سەرجەم لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی عێراق لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکانی ئێستا بگەنە ڕێکەوتن.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران هەروەها پێشوازیی لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ باشترکردنی دۆخی ناوچەکە بە گشتی کرد و سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان تاران و بەغداش وتی کە پێویستە ڕێکەوتنە هاوبەشەکان بە خێرایی بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.
ڕەئیسی لە بەشێکی دیکەی ئەم وتووێژەدا جەختی لە سەر پێویستی ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی زیارەتکارانی ئێرانی بە تایبەت لە ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن (ع) کردەوە.
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند کە خۆی لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پرسی زیارەتکارانی ئێرانی دەکات.
ناوبراو بە ئاماژە بە ڕۆڵ و پێگەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکە و جیهان وتی کە بەغدا درێژە بە هەوڵەکانی بۆ باشترکردن ئاستی پەیوەندی و هاوکارییە ناوچەییەکان دەدات./.