بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، زیاتر لە ساڵێک بە سەر دەستبەکاربوونی کابینەی سێزدەیەمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرۆکایەتی ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی تێپەڕ دەبێت، ئەو کابینەی کە درووشمی ” حکومەتی خەڵک و ئێرانی بەهێز ” ی هەڵبژارد و بە بۆچوونی زۆربەی شارەزایان و چاودێران، لە مێژووی حکومەتەکانی پاش شۆڕشی ئیسلامی، هیچ حکومەتێک هێندەی کابینەی سێزدەیەم بە سەرۆکایەتی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی میراتبەری کێشە و لاوازی و کەموکوڕییەکانی حکومەتەکانی پێش خۆی نەبووە.
دۆخی نالەباری ئابوری، کورتهێنانی بودجە، دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانی، ڕێژەی هەڵئاوسانی بەرز و بەشێکی دیکەی کێشەکان کە پەیوەندی بە سیاسەتە هەڵە ئابورییەکانی پێش 1400 ی کۆچی هەتاوی هەبووە، هەلومەرجێکی ڕەخساند کە ئایەتوڵڵا ڕەئیسی لە پاش پێکهێنانی کابینەی خۆی ڕایگەیاند یەکەم کێشەم بەم دۆخە ئابورییەوە ئەوەیە کە چۆن مووچەی یەکەم مانگی فەرمانبەران و خانەنشینان دابەش بکەین.
سەرەڕای ئەوەی کە کێشە و گرفتەکان زۆر بوون، بەڵام بە هەوڵی بەرپرسانی کابینەی سێزدەیەم لە سەرۆک کۆمارەوە تا وەزیرەکان و بەڕێوەبەرانی گشتی و بەرپرسانی دیکەی جێبەجێکار، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو بەدەر لە چارەسەرکردنی زۆربەی کێشەکان، نەخشەڕێگای داهاتوویەکی باشتر بۆ ئێرانی ئیسلامی بە تایبەت لە بواری ئابوریدا داڕێژراوە.
لە درێژەدا شرۆڤەی سەرکەوتنی کابینەی سێزدەیەمی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرزکردنەوەی ڕێژەی وەبەرهێنان و هەناردەی نەوت دەکرێت:
یەکێک لە سیاسەتەکانی ئەمریکا بۆ زیاترکردنی کاریگەری سزا و گەمارۆکان لە سەر کەرتی ئابوریی ئێران، ڕێگری لە گەیشتنی داهاتەکانی نەوت و گاز بەم وڵاتە بووە. کابینەی سێزدەیەم بۆ پووچەڵکردنەوەی گەمارۆکان، بەدەر لە پەرەپێدانی هەناردەی نەوت و گاز، ڕێژەی وەرگرتنی داهاتەکانی نەوت، گاز و پترۆکیمیای لە سەدا 2.5 زیاتر کرد و ئەمەش وەک دەسکەوتێکی گەورە لە کارنامەیدا دەمێنێتەوە.
هەروەها لە کابینەی سێزدەیەم بڕی یەک ملیار و 600 ملیۆن دۆلار لە قەرزەکانی هەناردەی گاز و کارەبای ئێران لای عێراق کە پەیوەندی بە حکومەتی پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەبوو، وەرگیرایەوە. لە لایەکی دیکەوە بەڵێنە داراییەکان لە بودجەی ساڵی 1400 ی کۆچی هەتاوی جێبەجێ کرا کە ئەم خاڵانە لە خۆ دەگرێت: دابینکردنی زیاتر لە 199 هەزار ملیار تمەن پشکی حکومەت لە هەناردەی نەوتی خاو و گاز لە بڕگەی یەکی یاسای بودجەی ساڵی 1400 ی کۆچی هەتاوی و زتارر لە 350 هەزار ملیار تمەن فرۆشتنی ناوخۆیی و دەرەکیی بەرهەمە نەوتییەکان، فرۆشتنی ناوخۆیی گازی سرووشتی، زیاتربوونی لە سەدا 80 ی داهاتی هەناردەی نەوت و گاز و بەرهەمە پترۆکیمییەکان کە 4 مانگەی یەکەمی ساڵی 1401 ی کۆچی هەتاوی بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردووی.
بە پێی ڕاپۆرتی سندۆقی نێودەوڵەتی دراو، لە کاتێکدا کە هەناردەی نەوتی ئێران لە سێ ساڵی کۆتایی حکومەتی پێشوو گەیشتە ژێر یەک ملیۆن بەرمیل و تەنانەت 400 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، لە ساڵی 2022 کە حکومەتی ڕەئیسی دەسەڵاتدار بووە لە یەک ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە تێپەڕ بووە، بە واتایەکی دیکە لە کابینەی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی بەراورد بە نزمترین ئاستی هەناردەی نەوت لە حکومەتەکەی حەسەن ڕۆحانی، هەناردەی نەوت 600 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بەرزتر بووەتەوە.
وەبەرهێنانی نەوتی ئێران کە لە ساڵی 2020 بۆ ڕۆژانە 2 ملیۆن بەرمیل دابەزیبوو، لەمساڵ بۆ ڕۆژانە 2 ملیۆن و 760 هەزار بەرمیل بەرز بووەتەوە.
حکومەتی پێشوو وڵاتی بە کەمترین ڕێژەی وەبەرهێنان و هەناردەی نەوت ڕادەستی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی کرد، ئامارەکانی ڕێکخراوی ئۆپێک و دامودەزگا ئابورییەکانی ئێران پیشان دەدات کە وەبەرهێنان و هەناردەی نەوت بەراورد بە ڕابردوو زیادی کردووە.
پاش کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێکەوتنی ناوەکی لە ساڵی 2018، هەناردەی نەوتی ئێران و داهاتەکەی بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕووی لە دابەزین کرد.
ئەگەرچی هەناردەی نەوتی ئێران هیچ کات نەگەیشتە خاڵی سفر بەڵام بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزین و بە هاتنەسەرکاری حکومەتی سێزدەیەم، گرنگی بە شێوازی جۆربەجۆر بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی وەبەرهێنان و هەناردەی نەوت سەرەڕای بوونی گەمارۆکان درا و لە ئێستادا بە پشتن بەستن بە بەڵگەکان دەتوانین بڵێین کە هەلومەرجی هەناردەی نەوتی ئێران باشتر بووە و گەیشتن بە سەرچاوە داراییەکان لە دەرەوەی وڵاتیش گۆڕانکاری بەرچاوی بە سەردا هاتووە.
سەرکەوتنی ئێران لە فرۆشتن و هەناردەی نەوت هێندە بەرچاو بووە کە کاردانەوەی سەرۆک کۆماری ئەمریکای لێکەوتەوە و داوای لە وڵاتانی هاوردەکاری نەوتی ئێران کرد ڕێژەی هاوردەی خۆیان کەم بکەنەوە.
ئەم هەڵوێستە پیشان دەدات کە ئێران بۆ فرۆشتن و هەناردەی نەوتی خۆی ڕێگایەکی درووستی هەڵبژاردووە. ئامارە ئابورییەکانیش پیشان دەدات کە گەشەی ئابوریی ئێران بە نەوتەوە زیاترە لە گەشەی ئابوریی بێ نەوت و ئەمەش سەلمێنەری زیاتربوونی داهاتە نەوتییەکانە.
زیاترکردنی هەناردەی نەوتی خاو و گاز و بەرهەمە پەیوەندیدارەکان لە ڕێگای واژۆکردنی گرێبەستی نوێ، گرنگیدان بە بازاڕی نوێی هەناردە و کەڵک وەرگرتن لە شێوازی جۆربەجۆر، بەشێک لە سیاسەتی کابینەی سێزدەیەمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەناردەی نەوتدا بووە.
لە ئەنجامی ئەم سیاسەتەش، بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەناردەی نەوت و گاز لە 3 ساڵی ڕابردوو و گەشەی لە سەدا 40 ی هەناردەی نەوت و گاز بەراورد بە کۆتا مانگی تەمەنی حکومەتی پێشوو، مسۆگەر بووە./.