بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وڵاتی مالی لە گەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووە و ڕایگەیاند کە پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی ئەفریقی بە تایبەت مالی لە ڕیزی ستراتیژی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
ناوبراو وتی کە هیوادارین لە داهاتوویەکی نزیکدا پێشانگای زانستی و پیشەسازی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وڵاتی مالی بکەینەوە.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی کە هاوکارییەکانی ئێمە و مالی لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان خاڵێکی گرنگی پەیوەندییەکان و هاوکارییەکانی نێوانمانە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی کە سیاسەتی سزادانی گەلان سەرکەوتوو نەبووە و شکستی هێناوە و بەم بۆنەوە سزادانی وڵاتی مالی بە باش نازانین.
وتیشی کە دەستێوەردانی هەندێک وڵات لە کاروباری ناوخۆیی مالی و پاڵپشتی لە گرووپە تیرۆریستییەکان تەنیا دۆخی ئەمنی ناوچەکە ئاڵۆزتر دەکات و دەبێتە هۆی ناسەقامگیری لە وڵاتی مالی./.