بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕەوتی سەدر ڕۆژی شەممە پێشنیارێکی نوێ و لە هەمان کاتدا سەیری بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی سیاسی عێراق خستەڕوو کە بە پێی ئەوەش دەبێت سەرجەم حزب و کەسایەتییە سیاسییەکان بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەم وڵاتەدا نەکەن.
محەممەد عێراقی کە بۆچوونەکانی سەدر بڵاو دەکاتەوە و لە عێراقدا بە ناوی وەزیرەکەی سەدر دەناسرێت، ڕۆژی شەممە 27 ی ئابی 2022 لە لاپەڕەکانی تایبەت بە خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕایگەیاند کە ئەم پێشنیارە داوای بەشدارینەکردنی سەرجەم حزب و کەسایەتییە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دەکات، ئەوانەی کە لە ساڵی 2003 تا ئێستا بەشدارییان لە پرۆسەی سیاسیدا هەبووە.
محەممەد عێراقی ڕایگەیاندووە کە ئەم پێشنیارەش سەرجەم سەرکردەکان، وەزیرەکان و فەرمانبەرانی سەر بە حزبەکان بە تایبەت ڕەوتی سەدر لە خۆ دەگرێت.
عێراقی بە ئاماژە بەوەی کە ئەم داواکارییە گەورەتر و گرنگترە لە داوای هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە، وتی کە وەک جێگرەوەی سەرجەم ئەو دەستپێشخەری و هەوڵانەیە کە هەندێک بە تایبەت نێردەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە خستوویانەتەڕوو.
ڕاشیگەیاند کە ڕەوتی سەدر لە ماوەی 72 کاتژمێردا ئامادەی واژۆکردنی ڕێکەوتنە لە سەر ئەم پێشنیارە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە موقتەدا سەدر تا ئێستا هەڵوێستێکی لە سەر ئەم بڵاوکراوەی کەسی نزیک لە خۆی نەبووە و بە فەرمی شتێکی ڕانەگەیاندووە.
هەندێک لە سیاسەتمەدارانی عێراق بۆچوونی خۆیان لە سەر پێشنیارەکەی وەزیری سەدر ڕاگەیاندووە. مەحمود حەیانی ئەندامی هاوپەیمانی فەتح وەک بەشێک لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ڕایگەیاندووە کە وەلاوەنانی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکان لە پرۆسەی سیاسی تەنیا دەبێتە ئاژاوەگێڕیی زیاتر و سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی مسۆگەربوونی داواکەی ڕەوتی سەدر بە ئەستەم و دژوار دەزانن.
ناوبراو وتی کە وەها داواکارییەک تەنیا ئاژاوەگێڕیی سیاسی لە عێراقدا زیاتر دەکات و نەبوونی پەرلەمان لەم ماوەیەدا کێشەکانی هێندەی دیکە زیاتر کردووە.
حەیانی وتی کە داواکەی سەدرییەکان هیچ ڕەهەندێکی یاسایی نییە و چارەسەرکردنی دۆخی چەقبەستووی سیاسی عێراق تەنیا لە ڕێگای وتووێژ و هاوکارییەوە دەبێت.
هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش عادل مانع ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاندووە کە داواکەی ڕەوتی سەدر هاوشێوەی داواکەی ڕیشەکێشکردنی حزبی بەعسە لە پاش ڕووخانی سەدام.
ناوبراو وتی: مسۆگەربوونی داواکەی ڕەوتی سەدر بەستێنی ئەوە دابین دەکات تا لایەنە عەلمانییەکان و بەعسییەکان بە پێکهێنانی حزبی نوێ سەرکردایەتی داهاتووی عێراق لە ئەستۆ بگرن، وەلاوەنانی حزب و کەسایەتییە سیاسییەکانی ئێستا بە واتای وەلاوەنانی ئەو ئەزموونانەیە کە دەسەڵاتی نوێی عێراق لە پاش ڕووخانی سەدام مسۆگەری کردووە.
لە لایەکی دیکەوە، سەلام حوسێن ئەندامی هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاند کە ناتوانرێت 3 ملیۆن دەنگدەری چوارچێوەی هاوئاهەنگی پشتگوێ بخرێت، هەر یەک لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و ڕەوتی سەدر بە بێ یەکتر ناتوانن حکومەت پێک بێنن.
ناوبراو وتی: هەندێک کەس بە ئاشکرا و نهێنی هەوڵی لەناوبردنی عێراق دەدەن، سیستەمی حکومڕانی عێراق فیدراڵە و بەم پێیەش هیچ لایەنێک پەراوێز ناخرێت و لەناو نابرێت، ناتوانرێت ئەو لایەنانەی کە لە سەردەمی داگیرکاری ئەمریکا و هاتنی داعش خوێنی زۆریان داوە بە ئاسانی لە گۆڕەپانی سیاسی بکرێنە دەرەوە.
هەروەها عائد هیلالی لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی وتی کە حزب و لایەنە سیاسییەکان لە قۆناغی داهاتووی عێراق بە لاوە نانرێن و هیچ کەس ناتوانێت ئەوان لە بەشداریکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بێبەش بکات، لە بەر ئەوەی کە هەر حزب و لایەنێک پێگەی جەماوەری خۆیی هەیە.
هیلالی وتی: پێشنیارەکەی ئەمجارەی سەدر ناتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات، ئەم پێشنیارە لە لایەن سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بە تایبەت شێعەکانەوە ڕەتدەکرێتەوە و لایەنە سیاسییەکان موڵەتی ئەوە نادەن لە لایەن ڕەوتی سەدرەوە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق بکرێنە دەرەوە.
هاوکات لە گەڵ هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، ڕێزان شێخ دلێر لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاند کە ئەستەمە کوردەکان پێشنیارەکەی سەدر قبووڵ بکەن.
ناوبراو وتی کە دەستپێشخەرییەکەی سەدر نایاساییە و بە مردوویی لە دایک بووە.
وتیشی کە ئەم پێشنیارە وا دەکات سەرکردە لە دەرەوە بۆ عێراق هاوردە بکرێت و بە هیچ شێوازێک جێبەجێ ناکرێت.
باسم خەشان ئەندامی سەربەخۆی پەرلەمانی عێراقیش ڕایگەیاند کە پێشنیارەکەی سەدر هەنگاوێکی بەرەو دوا و سەرەتایەکە بۆ پاشەکشەی ناوبراو لە سەرجەم داواکارییەکانی، لە بەر ئەوەی کە سەدر بەوە گەیشتووە داواکارییەکانی بە تێچوویەکی زۆر مسۆگەر دەبێت و خەڵک زیاتر لە حزبەکان تێچووەکەی دەدەن./.