ئەم جوڵە نوێیەی سەدر لە هەلومەرجێکدایە کە سەرەتا گۆڕانکاری بنەڕەتیی لە دەستووری عێراقدا وەک ئامانجی خۆی ڕاگریاند و پاشان هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی کردە ئامانجێکی دیکەی و لە هەنگاوی دواتردا دەسەڵاتی دادوەریی بۆ دژایەتکردنی دەستنیشان کرد. ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە دەستوور و لایەنە سیاسییەکانی عێراق هیچ دەرفەتێکی یاساییان بەم پێشنیارانە نەدا و ئێستاش دیسانەوە پێشنیارێکی دیکەی خستووەتەڕوو کە دیار نییە چۆن دەیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.
گرنگترین پرسیار سەبارەت بە پێشنیارەکەی سەدر ئەوەیە کە بە سڕینەوەی سەرجەم نوخبەی سیاسی و بەسراوەکانی لایەنە سیاسییەکان، چ کەسانێک و بە چ تایبەتمەندییەکەوە سیاسەت و بەڕێوەبردنی داهاتووی عێراق لە ئەستۆ دەگرن؟
پرسیاری دیکە ئەوەیە کە ئەم پێشنیارە چۆن پێکهاتەی شێعە، کورد و سوننەی عێراق دەگرێتەوە؟ ئایا سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق پێکەوە پێشوازیی لێدەکەن و یان پێشنیارەکەی سەدر تەنیا پێکهاتەی شێعە دەکاتە ئامانج و ئەوانی دیکە ناگرێتەوە؟
پرسیاری دیکە ئەوەی کە لە هەلومەرجی پاش 2003 تا ئێستا دەسەڵاتدارانی عێراق لە لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی گۆڕەپانی سیاسی ئەم وڵاتە بوون، ئایا لە ئەگەری مسۆگەربوونی ئەم پێشنیارە ڕێگای گەڕانەوەی بەعسییەکان هەموار نابێتەوە؟
سەدر لە چوارچێوەی پێشنیاری نوێی خۆی داهاتوو بە شێوازێک دادەڕێژێت کە هەست بەوە دەکرێت خۆی یەکەم کەسە بڕوای بە جێبەجێکردنی نییە، زیادکردنی ئەو بڕگەی کە نابێت ئەم پێشنیارە پاش هەڵبژاردنەکانی داهاتوو مسۆگەر ببێت نیشانەیەکی ڕوونی ئەمەیە.
ئەوەی کە ئایا مەبەستی سەدر لەم پێشنیارەی پاشگەزبوونەوەیە لە هەڵوێستی پێشووی سەبارەت بە هەڵوەشانەوەی پەرلەمان، دیار نییە، گریمانەی ئەوە بکەین کە پێشنیارەکەی قبووڵ بکرێت، وەڵامی ئەم پرسیارەش ڕوون نییە کە ئایا حکومەت و پەرلەمانی ئێستا دەبێت جێبەجێکاری پێشنیارەکە بن یان نە، بە هەمان شێوە ڕوون نەکراوەتەوە.
ئەوەش پێویستە بوترێت کە هاوشێوەی ئەم پێشنیارە سەبارەت بە کاڵبوونەوەی ڕۆڵی لایەنە سیاسییەکانی عێراق، لە چوارچێوەی چاکسازی لە یاسای هەڵبژاردنەکانی پێشوو ڕەچاو کراوە، بەڵام ئەوەی کە ڕوونە ئەوەیە کە ناتوانین لە وڵاتێکی دیمۆکراسیدا باس لە نەمانی حزب و لایەنە سیاسییەکان بکەین و وڵاتی وەک عێراق هیچ حزبێکی بۆ نەمێنێتەوە.
لە تویتەکەی سەدر بەوە دەگەین کە سەدر دەیەوێت بەم سیاسەتە پۆپۆلیستییەی سرنجی چین و توێژەکانی عێراق ڕابکێشێت یان ئەوەی ئاستی داواکارییەکانی هێندە بەرز بکاتەوە کە لایەنی بەرامبەر بە هەڵوێست و داواکارییەکانی پێشووی خۆی ڕازی بکات.
لە هەمان کاتدا دیار نییە ئەوەی کە سەدر باسیکردووە هەمان ئەوەیە کە لە ماوەی ڕابردوو وەک هەنگاوێکی گەورە و چاوەڕواننەکراو ناوی دەبرد؟ ئایا ئەو ڕووداوە گەورەی باس دەکرا هەمانە کە لەم چوارچێوەدا هاتووە؟ یان ئەوەی کە لە پاش کاردانەوەکان بە پێشنیارەکەی سەدر دەبێت دیسانەوە لە چاوەڕوانی ئەوە هەنگاوە گرنگەدا بین کە باسی کردووە.
ئەوەی کە سەدر بەم مەرجەوە وتووێژی نیشتمانیی قبووڵ کردووە دەبێت وەک خاڵێکی ئەرێنی سەیر بکرێت بەڵام ئەوەی کە مەرج و پێشنیارەکەی چەندە توانای جێبەجێکردنی هەیە، دەبێت لە کاردانەوەی ڕکابەرەکانیدا ڕوون بکرێتەوە./.