ئەحمەد حاجی ڕەشید ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، سەبارەت بە قەیرانی سیاسی عێراق و ڕووداوەکانی ئەم دواییە، وتی: عێراق یەکەم جار نییە کە بە دۆخی ئاڵۆزی لەم شێوەیەدا تێپەڕ دەبێت، ساڵی 2006 شەڕی تائیفی لە لوتکەدا بوو، دۆخەکە لەوەی ئێستا زۆر ئاڵۆزتر بوو، بەڵام دوا جار عێراقییەکان بە گەڕانەوە بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی کێشەکانیان چارەسەر کرد و وایکرد کە پەرلەمان چالاک ببێت.
ناوبراو وتی: لە ئێستاشدا هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری کێشە و ناکۆکییەکانی نێوماڵی شێعە دەدرێت بەڵام دەبێت لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و تەنانەت لایەنە سیاسییەکانی دیکە ئاگاداری ئەوە بن کە نابێت لایەنگرانی سەدر نیگەران بکەن، لە بەر ئەوەی کە تا ئێستاش شەقام لە گەڵ سەدرە و هەر کات بیەوێت دەتوانێت لایەنگرانی بڕژێنێتە سەر شەقام و ئاڵۆزی بخوڵقێنن. هەر بۆیە دەبێت چوارچێوەی هاوئاهەنگی و لایەنەکانی دیکەش بۆ چارەسەرێک بگەڕێن کە شەقام هێور بکاتەوە، ئەویش بریتییە لە مامەڵەکردن لە گەڵ دۆخەکە لە پاش ئەو گرژی و پێکدادانەی کە لە ناوچەی سەوز ڕوویدا و ژمارەیەک قوربانیشی لێکەوتەوە.
ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: پێویستە بە جۆرێک مامەڵە لە گەڵ دۆخەکەدا بکەن کە پەلە نەکرێت لە دانیشتنەکانی پەرلەمان، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەتی نوێ و دەبێت بەستێنی ئەوە دابین بکەن کە بتوانن دۆخەکە ئاسایی بکەنەوە، ئەگەر مانگێکی دیکەش پێکهێنانی حکومەت دوابکەوێت، باشترە لەوەی کە پرۆسەکە دەست پێنەکاتەوە.
ئەحمەد حاجی ڕەشید وتی: چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێشتر باسی لەوە کردووە کە سەرەتا دەبێت سەرۆک کۆمار هەڵبژێرێت، حکومەت پێک بهێندرێت و لە پاش ئەوەش گۆڕانکاری لە یاسای هەڵبژاردن و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بکرێت و ئەو کات بڕیار دەدرێت کە هەڵبژاردنەکان دووبارە ببێتەوە یان نە. بەڵام بە ڕای من دەبێت ئەم هاوکێشەیە پێچەوانە بکرێتەوە، ئەویش لە پێناو دڵنیاییدان بە ڕەوتی سەدر کە سەرجەم داواکارییەکانی هاتووەتە سەر ئەوەی کە هەڵبژاردنەکان دووبارە بکرێتەوە. هەر بۆیە پێویستە چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە ئێستاوە بڕیار بدات لە ئەو پرۆسەیە لە ماوەی ساڵێکدا بەڕێوە بچێت. دەبێت پەرلەمان بۆ گۆڕینی یاساکان چالاک بێت، پاش هێوربوونەوەی ڕەوتی سەدریش دەکرێت هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بکرێت و پێکهێنانی حکومەت دەست پێبکات.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد