بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نەخۆشیی بەردی گورچیلە، نەخۆشییەکی بە ئازارە و پزیشکان هۆشدارییان داوە کە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ڕەنگە ژمارەی توشبووان بەم نەخۆشییە زیاتر بکات.
توێژینەوەیەکی پزیشکی لە ویلایەتی کارۆلینای باشور کە لە گۆڤارێکی زانکۆیی Scientific Reports بڵاو بووەتەوە، پیشان دەدات بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما مەترسی توشبوون بە نەخۆشیی بەردی گورچیلە زیاتر دەکات. لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پاش ڕۆژانی گەرم ژمارەی توشبووان بەم نەخۆشییە ڕووی لە زیادبوون کردووە.
دکتۆر گرگۆری ئای تاسیان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی گورچیلەی منداڵان و نووسەری سەرەکیی توێژینەوەکە، ڕایگەیاندووە کە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کاریگەری نەرێنی زۆریان لە سەر تەندرووستی مرۆڤەکان دەبێت و تا ئێستاش کەمتر باسی ئەمە کراوە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە توێژەران و پسپۆڕانی بواری منداڵان ئەرکی ئەوەیان لە سەرە کە توێژینەوەی زیاتر لە سەر ئەم کاریگەرییە بکەن، لە بەر ئەوەی کە منداڵان لە داهاتوودا ڕوبەڕوی ئەم ڕاستییە دەبنەوە.
وتیشی کە ئەنجامی توێژینەوەکان تا ئێستا ئەوەیان سەلماندووە کە گەرمبوونی هەوا کاریگەریی لە سەر تەندرووستی دەبێت و هۆکارێکە بۆ زیاتربوونی ژمارەی توشبووان بە نەخۆشییەکانی گورچیلە و ئەمەش گوشارێکی زیاتر دەخاتە سەر سیستەمی تەندرووستی وڵاتانی جیهان./.