بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆی کە ڕۆژی دووشەممە 5 ی ئەیلول ی 2022 بەڕێوەچوو، وتی: هەڵگرتنی تەواوی سزا و گەمارۆکانی دژ بە حکومەت و گەلی ئێران لە ڕیزی گرنگترین ئامانجەکانی دانوستانەکانی ئێستای ئێران و لایەنەکانی دیکەی ڕێکەوتنی ناوەکییە. چەندین کۆبوونەوە لەم پێناوەدا کرا و دوایین گەڕی دانوستانەکانیش لە ڤیەننا بووە و پاشان دەقی پێشنیارکراو لە لایەن ڕێکخەری ئەورووپیی دانوستانەکانەوە درایە لایەنەکان، وەڵامی ئێران لە کاتی خۆیدا بووە و پاش ئەوەش وەڵامی لایەنی ئەمریکی بە دواکەوتنی بەرچاو دیسانەوە لە ڕێگای ڕێکخەری ئەورووپییەوە وەرگیرا.
کەنعانی وتی: ئێران بۆ ئەوەی کە ڕۆڵی بەرپرسیارانەی خۆی لە سەر ڕێکەوتنی ناوەکی و دانوستانەکانی هەڵگرتنی گەمارۆکان بگێڕێت، دیسانەوە تێڕوانینەکانی خۆیی لەم بوارەدا گەیاندە ڕێکخەری دانوستانەکان و لەم پێناوەدا چاوەڕوانی وەڵامی لایەنەکانی دیکە بە تایبەت ئەمریکا دەکات. ئێمە لەم بوارەدا و بۆ ئەوەی کە یارمەتیدەری دانوستانەکان بین و بگەینە ئامانجەکانی خۆمان کە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و لە هەمان کاتدا چوارچێوەیەکی گونجاوە بۆ هاوکاریی چەند لایەنە لە پێناو چارەسەرکردنی قەیران و کێشەکان، بەرپرسیاریەتی خۆمان بە جێهێنا. ئێران تێڕوانینی خۆیی گەیاندووەتە لایەنی ئەورووپی و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوان دەکەین، ئەگەر لایەنی بەرامبەر ئیرادەی سیاسیی هەبێت و وەک ئێران داهێنەرانە هەنگاو بنێت، وەڵامی ئێران شەفاف و یاسایی بووە و دەتوانێت لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو ڕێکەوتنە مسۆگەر بکرێت. هەڵگرتنی گەمارۆکان و دابینکردنی بەرژەوەندییە ئابورییەکان لە ڕیزی ئامانجە گرنگەکانی ئێمەیە و شاندی دانوستانکاری ئێران لەم پێناوەدا لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا بە ئاماژە بە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە سوریا وتی: سەرجەم تاوان و دەسدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی ژێرخانەکانی سوریا بە سەربازی و مەدەنییەوە بە نایاسایی و دژ بە یاسای نێودەوڵەتی دادەنرێت، پڕوپاگەندەی ئەو ڕژێمە سەبارەت بە هێرشی سەر بنکە و بارەگای هێزەکانی ئێران درۆیە، بوونی ئێران لە سوریا ڕاوێژکارییە و لە سەر داوای فەرمی حکومەتی دیمەشق بووە و ئەم پڕوپاگەندانە بە بێ بایەخ دەزانین، تا ئەو کاتەی کە گەل و حکومەتی سوریا داوا لە ئێمە بکات لە گەڵ ئەوان دەمێنینەوە.
ناوبراو سەبارەت بە قەیرانی وزە لە ئەورووپا و داوای کڕینی وزەی پێویستی ئەو وڵاتانە لە ئێران وتی: ئێران بە هۆی هەبوونی سەرچاوە سرووشتییەکانی وەک نەوت و گازەوە یەکێک لە وڵاتانی گرنگی جیهانە لە بواری دابینکردنی سووتەمەنی پێویستی وڵاتانی جیاجیا. ئێران بە پێی ئەو توانا و دەفرایەتییەی خۆی لە دژوارترین هەلومەرجی سزا و گەمارۆکانیش پێگەی خۆیی لە بازاڕی وزەدا پاراستووە، ئەگەرچی ئەم بازاڕە بە هۆی گەمارۆ نایاسایی و زاڵمانەکانی ئەمریکا تا ڕادەیەک سنوردار کرا بەڵام هاوبەشیی ئێمە و وڵاتانی دیکە لەم بازاڕەدا ماوەتەوە. لە ژێر سێبەری قەیرانی ئۆکرانیا و کێشەی وڵاتانی ئەروووپی بۆ دابینکردنی وزەی پێویست، ئەورووپا پێویستی بەم توانایەی ئێران هەیە و هیوادارین ڕێکەوتن بکرێت و ئێران بتوانێت ڕۆڵی گرنگتر و کاریگەرتری لە دابینکردنی وزەی پێویستی وڵاتانی جیهان بە تایبەت وڵاتانی ئەورووپی هەبێت و ئێران لەم بوارەدا هیچ سنورێک ڕوبەڕوی خۆی نابینێت.
ناسر کەنعانی لە وەڵامی پرسیارێک کە ئایا ئەگەر ڕێکەوتن بکرێت کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەتوانن لە ئێران چالاکی بکەن، وتی: ئەو ڕێکەوتنەی کە هیوادارین بکرێت هیچ داڕشتنەوەیەک بۆ پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا ناکات بەڵکوو قەیرانێکی دەستکردی دوژمنان لە دژی ئێران چارەسەر دەکات، ئەو قەیرانەی کە وەک دۆسیەیەکی سیاسییە و لە دژی گەلی ئێران کراوەتەوە. بابەتی ڕێکەوتنی ناوەکی و دانوستانی ناڕاستەوخۆ کە لە ڕێگای یەکێتی ئەورووپاوە دەکرێت، تەنیا لە سەر دۆسیەی ناوەکی و هەڵگرتنی گەمارۆکانە و بە هیچ شێوازێک پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی ئێران و ئەمریکا لە خۆ ناگرێت./.