بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عێراقییەکان بە نیگەرانییەوە لە نزیکبوونەوەی وادەی کۆتایی هاتنی ساڵی دارایی وڵاتەکەیان دەڕوانن کە 31 ی کانوونی یەکەمی 2022 دەبێت، لە بەر ئەوەی کە لایەنە سیاسییەکان لە گەورەترین ئاڵۆزی و ناکۆکیدان و سەرەڕای تێپەڕبوونی 11 مانگ بە سەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 10 ی تشرینی یەکەمی 2021، تا ئێستا سەرۆک کۆمار هەڵنەبژێردراوە و کاندیدی سەرۆک وەزیرانیش بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ ڕانەسپێردراوە.
مەترسی ئەوەش هەیە کە لە ئەگەری پەسەندنەکردنی یاسای بودجەی ساڵی داهاتووی عێراق، مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینەکان دوا بکەوێت، لە گەل ئەوەش پرۆژەکانی کەرتی ئاوەدانکردنەوە بە تایبەت پرۆژە گرنگ و پێویستەکانیش مەترسی ڕاگرتنیان لە سەرە.
مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت دابین کراوە
سەرەڕای توڕەبوونی جەماوەری لە سەر ئەم کێشە و مەترسییانە، وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند کە مووچەی فەرمانبەران دابین کراوە و ئەگەر دۆخەکە بەم شێوازە درێژەی هەبێت، پشت بەستن بە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، دەبێتە هۆی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران.
لە سەر ئەم تەوەرەش، عەلی تەمیمی شارەزای یاسایی ڕایگەیاندووە کە دەقی مادەی 6 ی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی و قەرزی گشتی ساڵی 2019 ی عێراق بە ڕوونی دەڵێت کە لە ئەگەری دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجەی گشتی تا 31 ی کانوونی دووەم، وەزیری دارایی پەنا بۆ ڕێوشوێنی یاسایی دەبات.
ناوبراو بە کەناڵی جزیرەی ڕاگەیاند کە حکومەت بنەمایەکی یاسایی بۆ پێدانی مووچە بە پێی پەسەندنەکردنی بودجەی ساڵی 2023 هەیە، لە بەر ئەوەی کە یاسای بودجەی ساڵی 2021 وەک بنەمایەک لە ئێستادا دادەنرێت. بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2021 زیاتر لە 90 ملیار دۆلار بووە.
هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، مەزهەر محەممەد ساڵح ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابوری و دارایی ڕایگەیاندووە کە مووچەی فەرمانبەران دابین کراوە بەڵام لە هەمان کاتدا پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران ڕادەگیرێت و هەروەها پەسەندنەکردنی بودجەش کاریگەریی لە سەر پرۆژەکانی حکومەت بە تایبەت لە بواری ئاوەدانکردنەوەدا دەبێت.
دۆخی ئابوریی عێراق
جەمال کۆچەر ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە نیگەرانییەکان لە پەسەندنەکردنی یاسای بودجەی ئەم وڵاتە بۆ دووەم ساڵی بەردەوام، وتی: عێراق بە هۆی بەرزبوونەوەی داهاتە نەوتییەکان بە تایبەت لە چەندین مانگی ڕابردوو، لە دۆخێکی ئابوریی باشدایە.
عێراق نزیکەی 85 ملیار دۆلار پارەی لە بانکی فیدراڵیی ئەمریکادا هەیە، بەڵام بە هۆی نەبوونی بودجە و دەسەڵاتی حکومەتی کاربەڕێکەری ئێستا بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی بۆ بەکارهێنانی داهاتەکانی ئەم وڵاتە، حکومەتی بەغدا ناتوانێت لەو پارەیە لە پێناو جێبەجێکردنی پرۆژە ئابورییەکان و دابینکردنی ژێرخانەکان کەڵک وەربگرێت.
کێشەی بودجەی عێراق چۆن چارەسەر دەبێت؟
جەما کۆچەر سەبارەت بە چۆنیەتی دەربازبوونی عێراق لەم کێشەیە وتی کە ساڵی 2022 یاسای بودجە پەسەنە نەکراوە بەڵام حکومەتی عێراق ڕەشنووسی یاسای ناسراو بە ئاسایشی خۆراکی ڕادەستی پەرلەمان کرد کە ئەڵبەت لە لایەن دادگای فیدراڵییەوە ڕەتکرایەوە، لە بەر ئەوەی کە حکومەت دەسەڵاتی ئەوەی نەبووە یاسای لەو شێوەیە ڕادەستی پەرلەمان بکات، بەڵام لێژنەی دارایی پەرلەمان پەسەندی کرد و ئەم یاسایەش موڵەتی ئەوەی بە حکومەت دەدا کە جێبەجێکردنی پرۆژەکان دەست پێبکاتەوە و پرۆژەی نوێش دەست پێبکاتەوە.
ناوبراو سەبارەت بە ساڵی داهاتووش وتی: لە ئەگەری نەبوونی یاسای بودجەی ساڵی داهاتووش، پەرلەمان دەتوانێت هەمان ڕێوشوێن دووبارە بکاتەوە بەڵام پەرلەمان خۆی ناتوانێت یاسای بودجە پێشکەش بکات لە بەر ئەوەی کە دەستووری عێراق ئەوەی ڕوون کردووەتەوە کە حکومەت پرۆژەیاساکە پێشکەش و پەرلەمانیش پەسەندی بکات.
ڕاگرتنی پرۆژەکان لە عێراق
سەبارەت بەو پرۆژانەی کە ڕادەگیرێن یان ئەو پرۆژانەی کە حکومەت بۆ دەستپێکردنەوەی جێبەجێکردنیان پلانی هەیە، مەزهەر محەممەد ساڵح ڕاوێژکاری مستەفا کازمی بۆ کاروباری ئابوری و دارایی وتی کە ئەو پرۆژانەی کە حکومەت کارکردنی لەواندا دەستپێکردووە، بەردەوامیدان بەوان کێشەیەکی نابێت، لە بەر ئەوەی کە بودجەی پێویست بۆ ئەو مەبەستە پێشتر تەرخان کراوە بەڵام سەبارەت بە پرۆژەی نوێ، حکومەت بە بێ پەسەندکردنی بودجە توانای جێبەجێکردنی نییە.
هومام شەماع کە ئابوریناسێکی عێراقییە، پێی وایە کە کێشە ئابورییەکان پەیوەندی بە پەسەندکردن و پەسەندنەکردنی بودجەوە نییە و زیاتر بۆ بوونی گەندەڵی بەربڵاو لە سیستەمی ئابوری و دارایی عێراقدا دەگەڕێتەوە. لە پرۆژەیاساکانی پێشووش سەدان پرۆژە بە بێ جێبەجێکردن پەسەند کراون و بەم هۆیەوە جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە، بۆ نموونە، عێراق لە ساڵانی ڕابردوو نزیکەی 85 ملیار دۆلاری بۆ کەرتی کارەبا بەکار هێناوە بە بێ ئەوەی کە بەرەوپێشچوونێک لەم بوارەدا بەدی بکرێت./.