بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاردانەوەی بەرامبەر بە بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەی 158 ی وەزیرانی دەرەوەی کۆمکاری عەرەبی و کۆمیتەی چوارقۆڵی، وتی: دەرکردنی وەها بەیاننامەیەک پیشاندەری نەبوونی تێگەیشتوویی ژمارەیەک لەو وڵاتانەیە لە ڕەوتی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و ڕاستییەکانی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا.
ناوبراو ئامۆژگاریی ئەو وڵاتانەی کرد کە لە جێی دووبارەکردنەوەی تۆمەتە بێ بایەخەکان، بیر لە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی خەڵکی زوڵملێکراوی فەڵەستین بکەنەوە.
کەنعانی دەرکردنی ئەو بەیاننامەی بە پێچەوانەی هەوڵی ژمارەیەک لەو وڵاتانە بۆ گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانیان لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران ناو برد و جارێکی دیکە هەڵوێستی تارانی بۆ بانگهێشتکردنی وڵاتانی دراوسێ لە پێناو چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ڕێگای وتووێژ و لێک تێگەیشتنەوە دووبارە کردەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران جەختیکردەوە کە ئەو سێ دوورگەیە کە لە بەیاننامەکەی وەزیرانی دەرەوەی کۆمکاری عەرەبیدا هاتووە، ئێرانییە و لە چوارچێوەی دەسەڵات و سەروەری ئێراندا مامەڵەی لە گەڵدا کراوە و ئیدانەی دەستێوەردانی وڵاتانی دیکەش لەم بوارەدا دەکرێت.
ناسر کەنعانی هەروەها بە ئاماژە بە ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریاوانی لە ناوچەی کەنداوی فارس، سەبارەت بە هەر هەڵەیەک لە پێناو ئاڵۆزکردنی ڕەوشی ئەم ناوچەیە هۆشداریی دا و جەختی لە سەر دابینکردنی ئاسایشی ناوچەکە بە دوور لە وڵاتانی بێگانە کردەوە./.