بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا ئامادەیی وڵاتەکەیی بۆ هەناردەی نزیکەی 50 ملیۆن تەن دانەوێڵە بۆ بازاڕەکانی جیهان ڕاگەیاند.
ناوبراو لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ڕووسیا وتی کە لەو بڕوایەداین زیاترکردنی هەناردەی پێداویستییەکان بۆ وڵاتانی هەژار هەنگاوێکی ئەرێنییە و بە گشتی تا کۆتایی ئەمساڵ 30 ملیۆن تەن دانەوێڵە دەخەینە بازاڕەوە و ئامادەشین ئەم ڕێژەیە بۆ نزیکەی 50 ملیۆن تەن یان زیاتریش بەرز بکەینەوە.
پوتین ڕایگەیاند کە ڕووسیا لە مانگی ئایار تا ئابی 2022 بە ڕێژەی 6 ملیۆن و 600 هەزار تەن دانەوێڵەی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کردووە کە 6 ملیۆن و 300 هەزار تەنی بۆ وڵاتانی ئاسیایی، ئەفریقی و ئەمریکای لاتین بووە.
سەرۆک کۆماری ڕووسیا وتی کە لە چوار مانگەی سەرەتایی ئەمساڵ 7 ملیۆن تەن پەینی کیمیایی هەناردە کراوە کە نیوەی ئەمەش دیسانەوە بۆ وڵاتانی ئاسیایی، ئەفریقی و ئەمریکای لاتین بووە.
وتیشی کە ڕووسیا ئامادەیە 2 ملیۆن تەن ئامونیاک ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان بکات و دەکرێت لەمەش ڕێژەیەکی زۆر پەینی کیمیایی بەرهەم بهێندرێت و لە ڕێگای ئەو پەینەشەوە وەبەرهێنانی گەنم زیاتر بکرێت./.