بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بە هۆی ئەو ووشیارییەوە تاکی توشبوو دەتوانێت زووتر بە دوای چارەسەردا بگەڕێت و زوو دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە لە لایەن پزیشکی پسپۆڕەوە وا دەکات کەسی توشبوو چارەسەری خێرا و پێویست وەربگرێت و ئەگەری کۆنتڕۆڵکردن یان چارەسەرکردنی بنەڕەتی نەخۆشییەکە زیاتر ببێت.
نەخۆشییە دەروونییەکان زۆرن و هەر نەخۆشییەک کۆمەڵە نیشانە و تایبەتمەندییەکی خۆیی هەیە، بەڵام ئەوەی گرنگە بۆ کەسوکاری نەخۆشەکە، ئەوەیە کە نیشانەکان بناسن کە وەک سەرەداوێکە بۆ ئاگاداربوون لە توشبوونی تاک بە نەخۆشیی دەروونی، بۆ نموونە، گۆڕانی لە پڕی هەڵسووکەوت و بیرکردنەوە، یان لاوازی لە کار و پەیوەندی کۆمەڵایەتی، یان گۆڕانی نائاسایی لە مەزاج، نووستن، خواردن، توانای جەستەیی و …. .
کۆمەڵە نیشانەیەکی نەخۆشییە دەروونییەکان لە درێژەدا ئاماژەی پێ دەدرێت:
1 – دڵتەنگی:
دڵتەنگی بەشێکە لە سرووشتی مرۆڤ و هەموو مرۆڤێکی دەروون ساغ جار و بار دڵی تەنگ دەبێت وەک کاردانەوەیەک بۆ فشار و ڕووداوە ناخۆشەکان، بەڵام ئەمە کاتێک ئاساییە کە ماوەیەکی کەم بخایەنێت و لە ژێر کۆنتڕۆڵی کەسەکەدا بێت و کاریگەری توندی نەرێنی لە سەر کار و فرمان و پەیوەندی کۆمەڵایەتی دانەنێت. بە پێچەوانەوە، کاتێک زۆر دەخایەنێت و زۆربەی ڕۆژەکانی هەفتە تووشی کەسەکە ببێت و کاریگەری توندی نەرێنی درووست بکات، بە نیشانەیەکی نەخۆشیی دەروونی هەژمار دەکرێت. ئەم نیشانەیە لە بەشێکی بەرچاوی نەخۆشییە دەروونییەکان دەبینرێت، وەک خەمۆکی، وەسواسی، دڵەڕاوکێ، شیزۆفرینیا و ….. .
2 – ترس:
هەروەها ترسیش بە بەشێک لە سرووشتی مرۆڤ دادەنرێت تا ئەو ڕادەیەی لە ئاستێکی کەمدا بێت و هەر لە تەمەنی منداڵییەوە تا تەمەنی پیری دەبینرێت. بەڵام کاتێک ترسەکە لە ڕادەبەدەر بێت و کۆمەڵە نیشانەیەکی دەروونی و جەستەیی درووست کرد و کاریگەری توندی لە سەر لایەنە سەرەکییەکانی ژیان هەبوو، بە نائاسایی و نیشانەی نەخۆشی دادەنرێت.
3 – گۆشەگیری:
مرۆڤ بە سرووشتی خۆی بونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، پێویستی بە پەیوەندی کۆمەڵایەتی هەیە، بۆ کارئاسانی لە ژیان و دەروونێکی تەندرووست، بەڵام هەندێک جار بە هۆی فشارە دەروونییەکان یان نەخۆشییە دەروونییەکان کەسی توشبوو گۆشەگیر دەبێت یان لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیدا لاواز دەردەکەوێت و بەمەش کاریگەری فشارەکە لە سەری زیاتر دەبێت.
4 – گۆڕانی بەرچاو لە کات و شێوازی نووستن:
بۆ هەموو کەسێک بە ئاسایی 7 تا 9 کاتژمێر نووستن لە شەو و ڕۆژێکدا بە پێویست دادەنرێت. هەروەها خەوی سرووشتی، خەوێکی قووڵە و پشوویەکی تەواو بە مێشک دەبەخشێت. واتە هەر دوو کات و چۆنیەتی نووستنەکە گرنگە. بۆ نموونە، دەگونجێت کەسێک 9 کاتژمێر بخەوێت بەڵام خەوەکەی پچڕ پچڕ بێت و بە درەنگ خەوی لێبکەوێتەوە. خەوی ناخۆش و ترسناکی زۆر ببینێت، یان بەیانیان لە پاش هەستان لە خەو هەست بە شەکەتی و ماندووێتی بکات، ئەو کات بە خەوێکی تەندرووست هەژمار ناکرێت.
5 – گۆڕانی بەرچاو لە بڕ و شێوازی خواردن:
ئەگەرچی گۆڕانی گەورە لە حەزی خواردن دەگونجێت هۆکاری پزیشکیی زۆر بێت وەک نەخۆشییەکانی جەستە، بەڵام بەشێکی سەرەکی لە هۆکارەکان نەخۆشییە دەروونییەکانە وەک خەمۆکیی گەورە، دڵەڕاوکێی توند و …. .
6 – توڕەبوون و توندووتیژی:
توڕەبوون کاتێک لە کۆنتڕۆڵی کەسەکە دەرچوو و نەیتوانی لە ناخیدا چارەسەری بکات و بە شێوازی قسە یان هەڵسووکەوت دەریبڕی و زۆربەی کاتەکان دووبارە کرایەوە و بوو بە بەشێک لە سرووشتی ئەو کەسە، بە نیشانەیەکی نەخۆشی دادەنرێت. توڕەبوون و توندووتیژی لە نەخۆشییە دەروونییەکان زیاتر لە نەخۆشییەکانی وەک شیزۆفرینیا، پەشێوی کەسێتی گوماناوی، پەشێوی دووجەمسەری و پەشێوی هەڵسووکەوت و …. دەبینرێت.
7 – گۆڕانی کتوپڕ لە هەڵسووکەوت:
گۆڕانی کتوپڕ لە هەڵسووکەوت وەک گۆڕان لە سرووشتێکی هێمنەوە بۆ کەسێکی توندووتیژ، یان ئەنجامدانی هەندێک هەڵسووکەوت کە نائاسایین لە ڕووی تەمەنی کەسەکەوە و ئەو ژینگەی کە تێیدایە و پێشتر بەشێک نەبووە لە ئاکار و هەڵسووکەوتی ئەو کەسە، ئاماژەیەکە بۆ بارێکی نائاسایی و پێویستە گرنگیی پێ بدرێت.
8 – گرفتی خۆگونجاندن لە گەڵ فشارەکان:
گۆڕانی گەورە بەدی دەکرێت لە مامەڵەی کەسەکە لە گەڵ فشارە دەروونی، خێزانی و ژینگەییەکان، بە جۆرێک کەسەکە بێ توانایی پێوە دیار دەبێت و هەستی کۆڵدان و بێزاری و ڕەشبینیی تێدا دەبینرێت. یان لە بری هەوڵدان بۆ ڕێکخستنەوەی کاتی خەو و خواردن، وەرزشکردن و گرنگیدان بە وەرگرتنی ڕاوێژ و یارمەتیدانی کەسانی دیکە، پەنا دەباتە بەکارهێنانی دەرمانی خەو، جگەرەکێشان یان خواردنەوەی مادە کحولییەکان. هەروەها لە بری ڕوبەڕوبونەوەی گرفتەکە و هەوڵی چارەسەرکردنی، خۆی دوورەپەرێز دەکات و هەوڵی ڕاکردن لە ڕاستییەکان دەدات.
9 – ئاوات خواستن بە مردن یان بیر و هەڵسووکەوتی خۆکوژی:
لە نێو نەخۆشییە دەروونییەکاندا خەمۆکی باوترین هۆکارە بۆ ئەوەی کەسێک بگاتە ڕادەی ئەوەی کە ئاوات بە مردن بخوازێت، بەڵام هۆکاری دیکەی دەروونی و کۆمەڵایەتی زۆرن وەک، نەخۆشی شیزۆفرینیا، پەشێوی دووجەمسەری، وەسواسی کرداری، لە دەستدانی کەسێکی پلە یەک و پچڕانی لە پڕی پەیوەندییەکی توند.
10 – هەڵسووکەوتی دووبارە:
وەک زیاتر لە چەند جارێک دەست شۆردن، ژماردنی زیاتر لە پێویست، دووبارەکردنەوەی هەندێک هەڵسووکەوتی وەک دڵنیابوونەوە، وەک دەستدان لە قوفڵی دەرگا و ئۆتۆمبێل، ئەمانە ئاماژەن بۆ نەخۆشیی وەسواسی.
11 – بزە و قسەکردن لە بەر خۆوە:
هەندێک جار زۆر قسەکردن لە بەر خۆوە و دەست جوڵاندن و بزەکردن وەک ئەوەی لە گەڵ کەسێک قسە بکات، ئاماژەیە بۆ نیشانەی ئەوانەی کە تووشی نەخۆشییە دەروونییەکان بوون.
12 – بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان:
بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان دەگونجێت هۆکار بێت بۆ نەخۆشی دەروونی و هەوەها بە نیشانەیەکی توشبوون بە نەخۆشییە دەروونییەکان دادەنرێت.
13 – خەراپ بەکارهێنانی مادە کحولییەکان:
سەرەڕای ئەوەی کە مادە کحولییەکان بە بەشێک لە مادە هۆشبەرەکان دادەنرێت، بەڵام خواردنەوەی کحول لە هەندێک وڵات ڕێگەپێدراوە و لە هەندێک وڵاتی ئیسلامیش بە تەواوی قەدەغەکراوە. خواردنەوەی مادە کحولییەکان لەو وڵاتانەی کە ڕێگەپێدراوە، بە نیشانەی نەخۆشی دانانرێت تا ئەو کاتەی لەوە زیاتر بێت کە لە ڕووی زانستییەوە سنوردار کراوە./.