بە وتەی شارەزایانی بواری ئەمنی و سەربازی زایۆنیست، ئەم دۆخەش لە پاش هێرشی بەردەوامی هێزە داگیرکەرەکانی زایۆنیست بۆ سەر هێزەکانی خۆڕاگریی فەڵەستین و پەرەسەندنی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوانیان هاتووەتە پێشەوە.
بەرپرسانی بزوتنەوەی حەماس لەو بڕوایەدان کە شەڕی شمشێری قودس بووەتە هۆی ئەوەی کە لە ناوچەی کەرتی خۆرئاوا، بنەما و هەلومەرجی نوێ بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی دیاری بکرێت و خۆڕاگری لە کەرتی خۆرئاوا پەرە بستێنێت.
ئەوان ڕایانگەیاندووە کە شەڕی ستراتیژی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی لە کەرتی خۆرئاوایە، لە بەر ئەوەی کە ئەم ناوچەیە، هێڵی تەماسی ڕاستەوخۆیە لە گەڵ شارۆچکەنشینەکانی زایۆنیست و دەتوانێت چارەنووسی شەڕەکە بە پاڵپشتی کەرتی غەززە و سەرجەم چین و توێژەکانی فەڵەستین یەکلایی بکاتەوە.
بە وتەی بەرپرسانی حەماس، شارۆچکەنشینەکان ڕۆژانە بە هێرش و دەسدرێژییەکانیان بە تایبەت بۆ سەر مزگەوتی ئەقسا بوونەتە هۆی ئەوەی کە هەستی خۆڕاگری و بەرگری لە نیشتمانی فەڵەستین لە کەرتی خۆرئاوا زیاتر ببێت.
ئەوان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە کەرتی خۆرئاوا چیدی قبووڵی ئەو هەموو تاوان و دەسدرێژییەی ڕژێمی زایۆنیستی ناکات.
خۆڕاگری گەل لە کەرتی خۆرئاوا لە گەڵ خۆڕاگری چەکدارانە یەکیان گرتووەتەوە و تەواوکەری یەکترن تا ڕۆڵی کاریگەری خۆیان لە سەرکوتکردنی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی لە تەواوی خاکی فەڵەستین بگێڕن.
بەرپرسانی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستینیش جەختیان کردووەتەوە کە هەڵمەتی تونێلی ئازادی، هۆکاری سەرەکی لە پتەوکردن و بەهێزکردنی خۆڕاگری لە کەرتی خۆرئاوا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تاوانە بەردەوامەکانی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی بووە.
بە وتەی ئەوان، ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی، هۆکاری سەرەکی هەڵگیرسانی خۆڕاگری لە کەرتی خۆرئاوا بووە و هەڵمەتی تونێلی ئازادی، هێز و ورەی تەواوی بۆ بونیاندنانەوەی پێکهاتەی سەربازی و دامەزراوە سەربازییەکانی فەڵەستین لە کەرتی خۆرئاوا لێکەوتووەتەوە.
بەرپرسانی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین ڕایانگەیاندووە کە دانیشتووانی کەرتی خۆرئاوا بە کردەوەی قارەمانانە، سەرجەم هەوڵەکانی دوژمنی زایۆنیستییان بۆ بەجولەکەکردنی قودس ڕوبەڕوی شکست کردووەتەوە.
بەرپرسانی خۆڕاگریی فەڵەستین لەو بڕوایەدان کە ڕاپەڕینی گەل لە کەرتی خۆرئاوا لە ساڵی 2015 دەسیپێکردووە و لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەوەیە کە قۆناغ بە قۆناغ لە چوارچێوەی وەک خۆپێشاندانەکانی مزگەوتی ئەقسا لە ساڵی 2017 و شەڕی شمشێری قودس لە ساڵی 2021 جێبەجێ دەکرێت./.