بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر شاخەوان دزەیی چەند زانیارییەکی لە سەر نەخۆشیی چەوری خوێن باس کردووە کە لە درێژەدا هاتووە:
هیچ جۆرە چەورییەک نییە بە ناوی چەوری ژێر پێست، ئەوەی هەیە چەوری سیانییە بە ناوی Triglycerides و بە هەڵە پێی دەڵێن چەوری ژێر پێست.
چەوری بەسوود بۆ جەستە بە ناوی HDL مەترسی توشبوون بە نەخۆشی دڵ و بۆری خوێنەکان کەم دەکاتەوە. ئەم جۆرە چەورییە بە وەرزش زیاد دەکات و ئەوانەی ئەو چەورییەیان زۆرە، کەمتر تووشی نەخۆشی دڵ دەبن. بە پێچەوانەوە بەرزی چەوری LDL لە خوێندا وا دەکات کە نەخۆش زیاتر تووشی نەخۆشیی دڵ ببێت.
چەوری زیادە لە خوێندا هیچ نیشانەیەکی نییە وەکوو سەر ئێشە، یان تێکچوونی باری جەستە لە پاش خواردنی ژەمێکی چەور، یان پێست چەوری بوون، تەنیا هەندێک پەڵە لە دەم و چاو و پێست بە دیار دەکەوێت وەک نیشانەی چەوری زیادە.
زۆربەی ئەوانەی چەورییان زۆرە، هۆکارەکەی وراسییە و زۆر پەیوەندی بە جۆری خواردنەوە نییە، ئەگەر خواردنی چەور بخورێت چەوری هەڵدەستێت ئەوە تێگەیشتنێکی هەڵەیە.
بە هیچ شێوەیەک گۆشتی سوور نەخورێت لە بەر ئەوەی کە چەوریت زۆرە، ئەمەش سەد لە سەد هەڵەیە، پێویستە هەموو مرۆڤێک ئەگەر باری ئابوریی گونجاو بێت لانیکەم هەفتەیەک دوو جار گۆشتی سوور بخوات، پارێزی توند بەم شێوەیە هەڵەیە.
زۆر لە نەخۆشەکان پاش توشبوونیان بە نەخۆشیی دڵ، پاش ماوەیەک پشکنینی چەوری دەکەن و دەبینن چەورییان نۆرماڵە و بەمەش یەکسەر حەبی چەوری ڕادەگرن، ئەوەش هەڵەیە، پێویستە نەخۆش پاش توشبوونی بە نەخۆشی دڵ یان جەڵتەی مێشک تا لە ژیان ماوە حەبی چەوری بخوات.
ئەوانەی لە تەمەنی زوودا تووشی نەخۆشی دڵ دەبن، پێویستە ئەندامانی دیکەی خێزانەکەی ساڵانە پشکنینی چەوری بکەن، هەر کاتێک ئەوەیان بینی کە ڕێژەی چەورییەکە بەرزە، یەکسەر دەست بە خواردنی حەبی چەوری لە ژێر ڕێنمایی پزیشکدا بکەن.
ئەوانەی حەبی چەوری وەردەگرن پێویستە شەش مانگ جارێک پشکنینی ئەنزیمەکانی جگەر بکەن.
زۆر خواردنەوەی مادە کحولییەکان زیاتر چەوری سیانی بەرز دەکاتەوە./.