بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەم بەردەنووسانە هەر یەک لە سێ ئەستوونی بیست دێڕی بە زمانەکانی پارسیی کۆن، عیلامی و بابلی نوێ نووسراون. لە بەشی چەپی هەر دوو بەردەنووسەکەوە، دەقی پارسیی کۆن بە تەنیایی هێندەی 115 سەنتی مەتر، ناوەڕاستی ئەوان دەقی عیلامی و لە بەشی ڕاست، دەقی بابلی نوێ دەبینرێت. ئەم بەردەنووسانە لە کۆنەوە ناوی جیاجیایان هەبووە. ” ئبن فەقی هەمەدانی ” لە ساڵی 290 ی کۆچی لە کتێبی ” اخبار البلدان ” بەردەنووسەکانی وەک ” تب تابر ” ناو بردووە. تا سەدەی شەشی کۆچی ئەم بەردەنووسانە ناوی جیاجیایان وەک ” سنگ نبشتە، نبشت خدایان، دادمهان یان دادبهان، تنبابر، بینایە، جنگ نامە و گنجنامە ” هەبووە. دوو ناوی ” جنگ نامە و گنجنامە ” لە سەدەکانی ڕابردوو تا ئێستا زیاتر باو بووە.
سەبارەت بە هۆکاری ناونانی ئەم بەردەنووسانەش دەتوانین بڵێین کە گەنجنامە لە زمانی فارسیدا بە واتای چیرۆکێکە لە خەزێنە و زۆربەی خەڵک پێیان وابوو کە ئەم بەردەنووسانە باس لە نهێنی خەزێنەیەک دەکەن. ناوی جەنگ نامەش پێدەچێت کە بە هۆی کاریگەری شەڕ و چالاکییەکانی پاشاکانەوە لەم بەردەنووسانە نرابێت یان بەرە بەرە لای خەڵکەوە وشەی جەنگ شوێنی گەنج ی گرتبێتەوە.
هەڵکەوتەی جوگرافی
بەردەنووسە مێژووییەکانی گەنجنامە لە باشوری ڕۆژئاوای هەمەدان و لە 5 کیلۆمەتری ئەم شارەدان. ئەم بەردەنووسانە لە کۆتایی دۆڵی عەباس ئاوا و لە سەرەتای ڕێگای هەمەدان بەرەو تویسرکان لە سەر یەکێک لە بەردەکانی شاخی ئەڵوەند نووسراون. ئەم ڕێگایەش هەمان ڕێگای کاروانییەکانی سەردەمی هەخامەنشییەکانە و داریوش و خەشایارشا لە گەڵ لەشکر و هاوڕێکانی خۆیان لەوێدا تێپەڕ بوون. بە پێی ئەوەی کە ئەم ڕێگایە لقێکی ڕێگای شاهی بووە کە هێگمەتانەی پایتەختی هاوینەی هەخامەنشییەکانی بە بابلەوە گرێ دەدا، لە ڕێگا گەشەسەندووەکانی ئەو سەردەمە بووە. بەو هۆیەوە پاشاکانی هەخامەنشی ئەم شوێنەیان بۆ نووسینی بەردەنووسەکان و وەبیرهێنانەوەی شکۆی ڕابردووانی خۆیان و نووسینی بیر و بڕوای خۆیان بە گونجاو زانیوە.
تایبەتمەندی بەردەنووسەکان
هەڵکەوتەی ئەم شاخە بە شێوازێکە کە ڕووی بەردەنووسەکان بەرەو ڕۆژهەڵاتە. بەردەنووسەکان بە درێژایی 9.2 مەتر و پانتایی 9.1 مەتر و بە قووڵایی 30 سەنتی مەتر درووست کراون. لە سەر ئەم دوو بەردەنووسەش، چەندین دەق بە زمانەکانی پارسیی کۆن، عیلامی و بابلی نوێ نووسراون. لە بەشی چەپی هەر دوو دەقەکەوە لە شوێنێکی 115 سەنتی مەتری بە زمانی پارسی نووسراوە. دەقی بابلی لە هەر دوو دەقەکەدا کەوتووەتە ناوەڕاستەوە و پانتاییەکەی کەمترە لە دەقە پارسییەکە. لە سەردەمی کۆن پارسی بە واتای فارسی هاتووە. دەقی عیلامیش لە بەشی ڕاستی هەر دوو دەقەکەوە هاتووە و پانتاییەکەی لە هەمووی کەمترە. بەردەنووسی چەپ کە کەمێک لە سەرەوەیە بە ناوی داریوشی گەورە و بەردەنووسی ڕاست کە کەمێک لە خوارەوەیە بە ناوی خەشایار شایە و هەر یەک لەم سێ دەقە لە بیست دێڕدا نووسراون و ناوەڕۆکی هەر دووی ئەوان یەکێکە. نووسراوەکان بە نووسینی بزمارین. لە چواردەوری هەر دوو بەردەنووسەکەش، چەندین کون لە سەر بەردەکان دەبینرێت کە پیشان دەدات لە ڕابردوودا بە شێوازێک لە بەرامبەر ڕەشەبا و باران و هەتاو پارێزراون و بە شێوازێک دەتوانین بڵێین کە داپۆشراون.
دەقی بەردەنووسی داریوش بەم شێوازەیە:
خوای گەورەیە ئەهورامەزدا، کە ئەم زەوییەی درووست کردووە، ئاسمانی درووست کردووە، خوڵقێنەری خەڵکە، شایی بۆ خەڵک هێناوەتە پێشەوە، کە داریوشی کردە پاشا، پاشایەک لە نێو ژمارەیەکی زۆرەوە، هەروەها لە نێو دەسەڵاتدارانێکی زۆرەوە. منم داریوش، شای گەورە، شای پاشاکان، شای ئەو نیشتمانەی کە نەتەوەی جیاجیای هەیە، شای نیشتمانێکی دوور و درێژ. کوڕی ویشتاسپی هەخامەنشی.
دەقی بەردەنووسی خەشایارشاش بەم شێوازەیە:
خوای گەورەیە ئەهورامەزدا، کە ئەم زەوییەی درووست کردووە، ئاسمانی درووست کردووە، خوڵقێنەری خەڵکە، شایی بۆ خەڵک هێناوەتە پێشەوە، کە خەشایاری کردە پاشا، پاشایەک لە نێو ژمارەیەکی زۆر لە پاشاکان، دەسەڵاتدارێک لە نێو زۆربەی دەسەڵاتداران. منم خەشایارشا، شای گەورە، پاشای پاشاکان، پاشای ئەو وڵاتەی گەلانێکی زۆری هەیە، شای ئەم وڵاتە گەورە و بەربڵاوە، کوڕی داریوشی هەخامەنشی.
نهێنی دەقی بەردەنووسەکان
ئوژن فلاندن ئاسەوارناسی فەرەنسی و پاسکاڵ کۆست لە ساڵی 1220 ی کۆچی توێژینەوەیەکیان لە سەر بەردەنووسەکان دەستپێکرد. پاش ئەم دوو کەسەش، سێر هێنری ڕاڤڵینسۆن ی بەریتانی نهێنی نووسینی بزماریی لەم بەردەنووسانە دۆزییەوە. بەم پێیەش ناوەڕۆکی نووسراوی بەردەنووسەکان بۆ مێژوونووسان ئاشکرا بوو.
تاڤگەی گەنجنامە
تاڤگەی گەنجنامە بە 12 مەتر بەرزی لە سەر ڕێگای شاخی ئەڵوەن و لە پێنج کیلۆمەتری ڕۆژئاوای هەمەدان لە تەنیشت بەردەنووسەکانی گەنجنامەدایە. تاڤگەکە ئاوی هەمیشەیی هەیە و لە وەرزی زستانیشدا بوونی هەیە. ڕێژەی ئاوەکەی 200 لیتر لە هەر چرکەدایە کە بە دۆڵی جوانی عەباس ئاو و گەنجنامەدا تێپەڕ دەبێت.
ئەم شوێنەش لە سەردەمی هەخامەنشییەکان بە ڕێگای پاشایەتی (شایی) ناسراو بووە کە هێگمەتانەی بە ناوچەکانی وەک تویسرکان، نەهاوەند، کرماشان، لوڕستان، تەختی جەمشید و فارسەوە گرێ دەدا.
ئەم ڕێگایە، هەروەها یەکێک لە ڕێگاکانی پەیوەندیی هەمەدان لە گەڵ ڕۆژئاوا و باشوری ئێران و تەنانەت عێراق بووە. بە هۆی ئەوەی کە هێگمەتانە (هەمەدان) پایتەختی هاوینەی هەخامەنشییەکان بووە و لە سەر ڕێگای پاشایەتی بووە، داریوشی یەکەمی هەخامەنشی پاش کۆتایی هاتنی بەردەنووسی بێستون، فەرمانی نووسینی بەردەنووسی گەنجنامەشی داوە. پاش ئەوەش کوڕەکەی بە ناوی خەشایارشا وەک دووبارەکردنەوەی نەریتی باوکی، لە بەشی ڕاست و کەمێک خوارەوەی بەردەنووسی باوکی، بەردەنووسێکی دیکەی بە یادگار هێشتووەتەوە. تاڤگەی گەنجنامە لە وەرزەکانی گەرمادا شوێنی سەردانیکردنی خەڵک بە تایبەت شاخەوانەکانە. لە پشتەوەی تاڤگەکە دەشتێکی جوان و پڕ گوڵی داوێنی شاخی ئەڵوەن دەبینرێت کە بە گۆڕەپانی میشان ناسراوە و لە وەرزی بەهاردا شوێنی گردبوونەوەی هۆگرانی سرووشت و چین و توێژەکانی خەڵکە.
تەلەفریکی گەنجنامە
تەلەفریکی گەنجنامە لە تەنیشت بەردەنووسە مێژووییەکان و تاڤگەی جوانی گەنجنامەدایە. درێژایی هێڵی ئەم تەلەفریکە 1680 مەتر و جیاوازی بەرزاییەکەی 800 مەترە، 17 ئەستوونی هەیە و 50 کابینی لە قۆناغی یەکەمدا هەیە. تەلەفریکەکە بەرەو ناوچەی گۆڕەپانی میشان درێژەی هەیە. کەشوهەوای دڵڕفێنی ناوچەکە وایکردووە کە گەشتیارێکی زۆر لە ناوخۆی ئێران و تەنانەت جیهانەوە سەردانی بکەن. ئەم کۆمەڵەیەش سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی بۆ گەشتیاران لە ڕووی وەرزشی و مانەوە دابین کردووە./.