دکتۆر عێزەت سابیر، شارەزا لە بواری ئابوری و ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، وتی: ئەمە جاری یەکەمە کە زیارەتکارانی ئێرانیی شارەکانی نەجەف و کەربەلا دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان بە کار دێنن، ئەمساڵ بە هۆی زۆربوونی ژمارەی زیارەتکارانەوە دەروازە سنورییەکانی هەرێمیش بەکار هێنرا و ئەمەش هۆکارێکە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران.
ناوبراو وتی: ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت ئاسانکاری تەواو بۆ ئەمە بکات بە دڵنیاییەوە لە ڕووی ئابوریشەوە کاریگەری گرنگی بۆ هەرێم دەبێت و جموجوڵێکی باشی ئابوری لە ناو هەرێمدا ڕوو دەدات. خاڵی گرنگی دیکە ئەوەی کە ئەگەر دەروازە سنورییەکانی هەرێم بتوانن ئەمجارە سەرکەوتوو بن، ئەوا بۆ ساڵانی داهاتوو زیارەتکاران خۆیان بڕیار دەدەن لە دەروازە سنورییەکانی هەرێمەوە سەردانی کەربەلا و نەجەف بکەن.
دکتۆر عێزەت سابیر وتی: خۆشبەختانە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاری باشی بۆ زیارەتکارانی شێعە کردووە و کاروباری ئەوان دوا نەکەوتووە و هەموو هەوڵێکی خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی زیارەتکاران بە ئاسانی بگەنە شارەکانی کەربەلا و نەجەف.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد