بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد عەلی ئەنوشە بە ئاماژە بە ئامادەنەبوونی دوو ساڵەی پەیامنێرانی بیانی بۆ ڕووماڵکردنی ڕێوڕەسمی ئەربەعین بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، وتی: ئەمساڵ هاتنی پەیامنێران و تیمی میدیایی بیانی بۆ کەربەلا ڕووی لە زیادبوون کردووە و تا ئێستا بە سەدان پەیامنێر و تیمی میدیایی ئێرانی و بیانی هاتوونەتە عێراق.
ئەنوشە وتی: 700 پەیامنێر و وێنەهەڵگر لە میدیاکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هاتوونەتە عێراق تا یەکڕیزی نێوان هەر دوو گەلی ئێران و عێراق لەم ڕێوڕەسمە کەم وێنەیەدا بۆ بینەران و خوێنەرانی میدیاکانی خۆیان بڵاو بکەنەوە.
بەرپرسی کۆمیتەی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ناوەندی ئەربەعینی حوسێنی (ع) وتی: یەکێتی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنە ئیسلامییەکان بە هەموو توانایەکەوە و لە ئاستێکی بەربڵاودا ئەم ڕووداوە مەزنە ڕووماڵ دەکات.
محەممەد عەلی ئەنوشە وتی: هەر لە سەرەتاوە بە درووشمی ” انا من حسین ” (من لە حوسێنم) و بە پێشبینی هاتنی ملیۆنیی زیارەتکاران بۆ کەربەلای پیرۆز، چالاکییەکان دەستپێکردووە و زیاتر لە 80 ناوەندی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئینتەرنێتی پێویست دابین کراوە تا لە ڕێگاکانی دەرەوە کەربەلاش پەیامنێران بتوانن لە هەر کاتێکدا هەواڵ و وێنەی ئەم ڕووداوە بۆ جیهان بە گشتی بڵاو بکەنەوە./.