بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پاش بڕیارەکەی ئەم دواییەی پەرلەمانی لوبنان بۆ هەڵگرتنی ڤێزەی گەشتیاری عێراقییەکان و دابەزاندنی 50 دۆلاریی نرخی گەشتی ئاسمانی لە نێوان بەغدا – بەیروت، ئەم وڵاتە بووەتە ئامانجێکی گەشتیاریی خوازراو بۆ عێراقییەکان.
بڕیارەکەی پەرلەمانی لوبنان بە شێوازێکە کە عێراقییەکان دەتوانن بۆ ماوەی 30 ڕۆژ لەم وڵاتە بمێننەوە کە تێچووی ڕۆژانەی ئەو ماوەیەش 300 دۆلار دەبێت.
بە پێی بڕیارەکەی پەرلەمانی لوبنان، موڵەتی ئەوە بە گەشتیارانی عێراقی دەدرێت کە ڤێزەی بێ بەرامبەری ڕۆیشتن و مانەوە بۆ ماوەی یەک مانگ وەربگرن و لە پاش تەواوبوونی ئەو ماوەیەش، بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە دەتوانێت درێژ بکرێتەوە. هەروەها هیچ مەرجێک لەوانەی پێشوو وەک یاسای هەبوونی 2 هەزار دۆلار پارەی کاش یان چەکی پاڵپشتیکراوی بانکێک وەک زەمانی چوونە ناو خاکی لوبنان، نەماوە.
دەستەی فڕۆکەوانی عێراقیش ڕایگەیاندووە کە بە پێی پێشنیارە تایبەتەکانی، ڕەنگە نرخی تێکتی چوون و گەڕانەوەی لوبنان نزیکەی 160 دۆلار دابەزێت.
بەڕێوەبەری یەکێک لە کۆمپانیا گەشتیارییەکانی عێراق ڕایگەیاندووە کە تێچووی سەردانیکردنی لوبنان تێکتی فڕۆکە و 450 دۆلار بۆ هەفتەیەک مانەوە لە خۆ دەگرێت کە ئەمەش کەمترە لە شوێنەکانی وەک هەرێمی کوردستان و ڕەنگە لوبنان بکاتە ئامانجی یەکەمی گەشتیارانی عێراقی./.