بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە مێژووی شێعە یا پێش سەردەمی هاوچەرخ، دۆخی ڕێپێوانی چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع) بەم شێوازە بووە: سەرەتا و وەک یەکەم جار حەزرەتی زەینەب (س) و ئیمام سەجاد (ع) و جابر بن عەبدوڵڵای ئەنساری لە گەڵ کۆمەڵێک لە بەنی هاشم چل ڕۆژ لە پاش شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع) سەردانی مەزاری پیرۆزیان کرد و ساڵانی دواتریش ئیمامان و پێشەواکانی شێعە و لایەنگرانی ئەوان ئەم نەریتەیان دووبارە کردەوە. لە ماوەی سەدەکانی پاش ئەوەش ڕێپێوانی چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع) بە تایبەت لە نەجەف تا کەربەلا هەبووە و کەسایەتییە گەورەکانی شێعە برەویان بەم جۆرە زیارەتە داوە و خۆیان لە گەڵ ئاپۆڕای لایەنگران و شوێنکەوتووانی ئالوبەیت (ع) بە ڕێپێوان سەردانی مەزاری پیرۆزیان لە کەربەلا کردووە.
لە ئێران لە سەردەمی دەسەڵاتەکانی ئالی بویە و سەفەویە زیارەتی کەربەلا بە ڕێپێوان لە لایەن زانایانی ئائینییەوە بانگەشەی بۆ دەکرا و هەروەها کەسانی وەک شێخ ئەنساری، ئاخوندی خۆراسانی، موحەدس نوری و ….. لە گەڵ قوتابیان و دۆستانی خۆیان ڕێپێوانی چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع) یان دەکرد. لەم نێوەندەدا موحەدس نوری ساڵانە و لە بۆنە جیاجیاکاندا لە گەڵ قوتابییەکانی بە ڕێپێوان زیارەتی دەکرد و لە بڵاوەپێکردنی ئەم کەلتورەش ڕۆڵی گرنگی هەبووە.
موحەدس نوری لە تاران، نەجەف، کەربەلا و سامەڕا زانستی ئائینیی لە لایەن گەورە کەسایەتییەکانی وەک عەبدولڕەحیم بروجێردی، عەبدولحوسێن تارانی، شێخ مورتەزا ئەنساری، میرزای شیرازی، سەید مەهدی قەزوێنی، سەید محەممەد هاشم خوانساری، مەلا عەلی کەنی و ….. وەرگرت و گەیشتە پلەی ئیجتهاد. لەو کەسایەتییە نووسین و کتێبی زۆر بە یادگار ماوەتەوە، وەک: کتێبی نجم الثاقب، مستدرک الوسائل و مستنبط المسائل و ….. . بەشێکی زۆری زانایانی گەورە لە قوتابییەکانی ئەو بوون. میرزا حوسێن نوری (موحەدس نوری) لەو کەسانە بووە کە نەریتی زیارەتکردنی کەربەلای بە شێوازی ڕێپێوان زیندوو کردەوە، لە ئاکامدا لە ساڵی 1320 ی کۆچی مانگی ماڵئاویی لەم جیهانە کرد و لە مەزاری پیرۆزی حەزرەتی عەلی بە خاک سپێردرا.
یەکێک لەو نەریتانەی کە لە سەردەمی شێخ ئەنساریدا هەبوو، زیارەتی ئیمام حوسێن (ع) بە شێوازی ڕێپێوان بووە. زۆربەی کەسایەتییە گەورەکان و زانایانی ئائینی بەو شێوازە زیارەتی کەربەلایان دەکرد بەڵام ئەم نەریتە لە سەردەمی موحەدس نوری لەبیر کرابوو.
بە ئیرادە و تێکۆشانی موحەدس نوری ئەم نەریتە دووبارە زیندوو کرایەوە و خۆی لە گەڵ دۆستان و لایەنگرانی بە ڕێپێوان سەردانی کەربەلای دەکرد.
ئەوان ڕێگای نەجەف تا کەربەلایان بە سێ شەو و ڕۆژ دەبڕی، بەیانی و عەسر درێژەیان بە ڕێپێوانی خۆیان دەدا و نیوەڕۆژەکەی بۆ خواردن و پشوو وەرگرتن و نوێژخوێندن و نزاکردن تەرخان دەکرا.
ئەم کارەش لە لایەن خەڵک، زانایان و کەسایەتییە گەورەکانەوە پاڵپشتی دەکرا و لە درێژەی ڕێگاکەوە خەڵکانێکی زۆر پەیوەندییان بەوانەوە دەکرد و هەندێک کات خێوەتەکانی ئەوان بۆ زیاتر لە 30 خێوەتی 20 تا 30 کەسی زیاد دەبوون.
لە سەردەمی هاوچەرخیش بە زیاتربوونی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان و پەرەسەندنی ڕێگاوبانەکان، ڕێپێوانی چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع) و بە گشتی زیارەتکردن بە شێوازی پیاسە، کەمتر بوو بەڵام دواتر گەیشتە ئەوەی کە ئەم ڕێپێوانە بە پەرسەندنی بووە گەورەترین گردبوونەوەی جەماوەریی ساڵانەی جیهان.
ئایەتوڵڵا سەید مەحمود شاهڕودی (1262 – 1353 ی هەتاوی) ساڵانە لە گەڵ قوتابییەکانی بە ڕێپێوان سەردانی کەربەلای پیرۆزی دەکرد و بەم هەنگاوەی ناوبراو ڕەوتێکی نوێ هاتە پێشەوە و بە زیندووکەرەوەی ڕێپێوانی کەربەلا دەناسرێت، تا دەیەی 50 ی هەتاوی، ڕێپێوانی ئەربەعین بووە ڕێوڕەسمێکی گەورە و لە سەرچاوە نووسراوەکاندا هاتووە کە زیارەتکاران لە پێکهاتەکان و نەتەوە جیاجیاکان بوون بەڵام لە نێو ئەواندا ئەو گرووپانەش هەبوون کە سروودی عەرەبی، فارسی و تورکییان دەخوێنەوە، واتە ژمارەی ئەوانە لە کەسانی دیکە زیاتر بووە.
لە ساڵی 1382 ی کۆچی هەتاوی (2003) ڕێپێوانی ملیۆنیی ئەربەعین بینراوە و ئەمساڵ زیاتر لە 21 ملیۆن زیارەتکاری ناوخۆیی و بیانی سەردانی کەربەلای پیرۆزیان کردووە./.