بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکان لە بازاڕەکانی جیهان بەردەوامە و تەنانەت هەناردەی ئۆکرانیا و پەیامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەناردەی هەندێک بەرهەمی ڕووسیاش کاریگەرییەکی ئەوتۆی لە سەر دابەزینی نرخەکان نەبووە.
لە کاتێکدا کە لە مانگەکانی ڕابردوو بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکان بەردەوام بووە و بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی بلۆمبێرگ لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردووش لە سەدا 200 نرخی گەنم و گەنمەشامی بەرز بووەتەوە، پێدەچێت ڕەوتی بەرزبوونەوەی نرخەکان بەردەوام بێت.
زیاترین بەرزبوونەوەش لە نرخی گەنم، گەنمەشامی، زەیت، ئالیک و پەینی کیمیایی بووە.
گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە گەڵ سنورداربوونی سەرچاوەکانی وەبەرهێنان و بەرزبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی وڵاتانی جیهان وایکردووە کە خواست لە سەر کڕینی بەرهەمە خۆراکییەکان زیاتر بێت. ئەم گوشارەش پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر بووە، لە بەر ئەوەی کە لە ماوەی دوو ساڵی سەرقاڵبوونی جیهان بەم پەتا کوشندەوە، بازاڕەکانی جیهان تووشی کێشە بوو و خستنەبازاڕی بەرهەمە خۆراکی و کشتووکاڵییەکان تا ڕادەیەک سنوردار بوو، تەنانەت ژمارەیەک لە وڵاتانی جیهان هەناردەی خۆیان ڕاگرت، وێڕای ئەوەی کە پرۆتۆکۆلە تەندرووستییەکان لە سەر ئاڵوگۆڕی کاڵا و بەرهەمە خۆراکی و کشتووکاڵییەکان جێبەجێ کرا و هەموو ئەمانەش بوونە هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی خواست لە سەر کڕینیان بەرامبەر بەوەی کە دەخرایە بازاڕەوە.
شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیاش هاتە پێشەوە و لە گەڵ هۆکارەکانی ئاماژەپێکراو، کێشەکانی زیاتر کرد. ئەم دوو وڵاتە لە سەدا 30 ی دانەوێڵەی جیهان بەرهەم دێنن و هەناردەی بەرهەمەکانی ئەوان لە ڕێگای دەریای ڕەشەوە تووشی کێشە بوو. نێوەندگێڕیی تورکیا و چاودێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە هۆکاری ڕێکەوتنێکی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا بۆ هەناردەی بەرهەمەکانی ئۆکرانیا، ئەم هەنگاوەش چەشنێک لە هاوسەنگیی لە بازاڕە جیهانییەکاندا هێنایە پێشەوە بەڵام بەرزبوونەوەی نرخەکان بەردەوامە.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕایگەیاندووە کە موڵەتی هەناردەی هەندێک لە بەرهەمەکانی ڕووسیا دەدات، دەبێت بزانینن کە لە ماوەی داهاتوو ئەم سیاسەتە چ کاریگەرییەکی لە سەر بازاڕەکانی جیهان دەبێت./.