بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەو کاتەوە کە جۆبایدن بووەتە سەرۆک کۆماری ئەمریکا و ئەو هیوایەی کە بۆ زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران هاتە پێشەوە، ئامادەکاری بۆ گەڕانەوەی ئێران بۆ بازاڕی جیهانیی نەوت لە پاش هەڵگرتنی گەمارۆکان کەوتە ڕیزی کار و پلانە سەرەکییەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.
ئەگەرچی سنورداربوونی سەرمایەگوزاری لە یەک دەیەی ڕابردوو بە هۆی سزا و گەمارۆکانەوە، ئاستی وەبەرهێنانی نەوتی ئێرانی دابەزاند، بەڵام ئەزموونی گەڕانەوەی خێرای ئێران بۆ بازاڕەکانی نەوت لە پاش واژۆکردن و جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ناوەکی لە ساڵی 2015، ڕێگای زیندووکردنەوەی توانای وەبەرهێنانی نەوت و گەڕانەوەی ئێرانی بۆ بازاڕەکانی جیهان لە هەلومەرجی ئێستادا ئاسانتر کردووە.
موحسین خوجەستە میهر جێگری وەزیری نەوتی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندووە کە بە پێی تواناکانی ئێستا و پێویستی بازاڕەکانی جیهان، نەوتی ئێران بە خێرایی و ئاسانی دەتوانێت هەمان پێگەی جارانی بە دەست بێنێتەوە و گەیشتن بە ئاستی 3 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە مسۆگەر بووە.
ناوبراو وتی کە تا هەر کاتێک هەلومەرجی نێودەوڵەتی خواستی زیاتری لە سەر بێت دەبێت ئامادەیی ئەوەمان هەبێت هەناردەی نەوت بە شێوازێکی بەرچاو بەرز بکەینەوە و بە هەموو توانایەکەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان بگەڕێینەوە.
لە لایەکی دیکەوە، محەممەد خەتیبی نوێنەری پێشووی ئێران لە ڕێکخراوی ئۆپێک وتی کە دەبێت بەردەوام ئاستی وەبەرهێنانی نەوت ڕووی لە زیادبوون بێت، بە تایبەت بە گرنگیدان بەوەی کە ڕێژەی وەبەهێنانی ژمارەیەک لە وڵاتانی وەبەرهێنەرەوە ڕووی لە دابەزین کردووە./.