بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرچاوە خۆجێیەکان ڕایانگەیاند کە هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین شەوی دووشەممە مەسعەب ئەشتیە و عەمید تەبیلەیان لە نابلۆس دەستبەسەر کرد و ئەوانیان بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە.
مەسعەب ئەشتیە یەکێک لە خەباتگێڕە ناسراوەکانی فەڵەستینە کە پێشتریش دیلی ڕژێمی زایۆنیستی بووە و چەندین جار لە تیرۆر و دەستبەسەرکردن ڕزگاری بووە.
فەڵەستینییەکان لە پاش ئەم کردەوەی هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەر لە نابلۆس و جنین ڕژانە سەر شەقامەکان و لە شەڕ و پێکدادانی ئەوان لە گەڵ هێزە ئەمنییەکان کەسێک کوژرا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوو.
بزوتنەوەی حەماس لە سەر ئەم ڕووداوە بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: لە کاتێکدا کە دوژمنی زایۆنیستی درێژە بە دەستبەسەرکردن و کوشتاری فەڵەستینییەکان دەدات، دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریش پێداگری لە هاوکاریکردنی ئەو ڕژێمە و دەستبەسەرکردنی خەباتگێڕانی فەڵەستینی دەکات و ئەمەش لە دەرەوەی بنەما نیشتمانییەکانی فەڵەستینییەکانە./.