بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆشکی ئیلیزێ ڕایگەیاندووە کە ئیمانۆیل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا ڕۆژی سێ شەممە لە پەراوێزی دانیشتنی کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە گەڵ سەرۆک کۆماری ئێران کۆدەبێتەوە.
بە پێی ڕاگەیاندنی نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری فەرەنسا، بڕیارە مەکرۆن ڕۆژی چوارشەممەش لە گەڵ جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا کۆببێتەوە.
لە کاتێکدا کە ئەمریکا بە دواخستنی ڕێکەوتنی ناوەکی لە دانوستانەکانی ڤیەننا تۆمەتبارە، کاترین کۆلۆنا وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کە سەردانی نیۆیۆرکی کردووە، سەبارەت بە لەدەستدانی دەرفەتی ڕێکەوتن هۆشداریی داوە.
کۆبوونەوەی سەرۆک کۆماری فەرەنسا و سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاتێکدا دەکرێت کە ئایەتوڵڵا ڕەئیسی لە چاوپێکەوتنی لە گەڵ کەناڵی cbs نیوز ڕایگەیاند ئێمە بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی باش و دادپەروەرانە ئامادەین بەڵام دەبێت دەستەبەری ئەوە بکرێت ئەمریکا دیسانەوە لەو ڕێکەوتنە نەکشێتەوە.
ڕەئیسی وتی کە ئێمە متمانەمان بە ئەمریکا نییە لە بەر ئەوەی کە ئەزموونی ڕابردوومان هەیە، ئەگەر دەستەبەری بەردەوامی ڕێکەوتن نەکرێت، ئێمە هیچ متمانەیەکمان بەوان نابێت./.