بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میدیا عبری زمانەکان ڕۆژی سێ شەممە ڕایانگەیاند کە بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی پێشووتری ڕژێمی زایۆنیستی، یائیر لاپید سەرۆک وەزیرانی ئێستای بەوە تۆمەتبار کردووە کە لە سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان و هەڕەشەکانی لە دۆسیەی ناکۆکییە دەریاییەکان و سەرچاوەکانی گاز لە گەڵ لوبنان دەترسێت.
نتانیاهۆ ڤیدیۆیەکی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ” دانیشتووانی ئیسرائیل، من بەیاننامەیەکی دڵتەزێنم بۆ ئێوە هەیە، لاپید لە بەرامبەر هەڕەشەکانی نەسروڵڵا بە تەواوی پاشەکشەی کردووە، نەسروڵڵا هەڕەشەی لە لاپید کردووە کە ئەگەر کێڵگەی کاریش پێش واژۆکردنی گرێبەستی گازی لە گەڵ لوبنان چالاک بکەین، هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل “.
ناوبراو لە درێژەدا ڕایگەیاند: ” لاپید ترسا و کاریشی چالاک نەکردەوە و ئێستا دەیەوێت بە بێ هیچ چاودێری و کێبڕکێیەک لە لایەن ئێمەوە، کێڵگەیەکی گازی بە بایەخی ملیارەها دۆلار ڕادەستی لوبنان بکات، ئەو پارەش حزبوڵڵا دەتوانێت لەو ڕێگایەوە بە هەزاران ڕۆکێت و مووشەک ئاراستەی شارەکانی ئیسرائیل بکات “.
نتانیاهۆ ڕایگەیاند: ” لە یەکەمی تشرینی دووەم و بە هاوکاری ئێوە، پارتی لیکود بە ڕێبەرایەتی من، حکومەتە لاواز و مەترسیدارەکەی لاپید بە حکومەتێکی سەقامگیر بۆ چوار ساڵی داهاتوو دەگۆڕێت “./.