بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ڕۆژی پێنج شەممە 22 ی ئەیلولی 2022 لە چاوپێکەوتنی کەناڵی جزیرە، وتی: هەوڵی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئەمریکا دەدەین وێڕای ئەمەش پەیوەندییەکی باشمان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە.
ناوبراو وتی: گەڕی پێنجەمی وتووێژەکانی نێوان تاران و ڕیاز لە بەغدا کۆتایی هاتووە و بۆ دەستپێکردنەوەی گەرێکی نوێ هەوڵ دەدەین.
فۆئاد حوسێن سەبارەت بە پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیاش وتی: تورکیا دراوسێی ئێمەیە و بەرژەوەندی هاوبەشمان هەیە و دەبێت بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بگەینە لێک تێگەیشتن.
وەزیری دەرەوەی عێراق وتی: کێشەی پەکەکە بە شەڕ و چەک چارەسەر ناکرێت و لە گەڵ ئەنکەرە بۆ کۆتایی هێنان بە چالاکییە سەربازییەکانی ئەم حزبە هەوڵی وتووێژ دەدەین.
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی ئەو چاوپێکەوتنەدا وتی کە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ڕاوێژکاری و بۆ مەشق و ڕاهێنانە.
فۆئاد حوسێن سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی عێراق وتی کە دانوستانی لایەنە سیاسییەکان بەردەوامە و هەوڵ دەدەین دانیشتنی پەرلەمان لە زووترین کاتدا بەڕێوە بچێت و هیوادارین لە گەڵ ڕەوتی سەدریش بۆ بەشداری لە حکومەتی نوێ بگەینە ڕێکەوتن./.