بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری نیۆیۆرک لە گەڵ نیکۆل پاشینیان سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا کۆبووە.
پاشینیان لەو کۆبوونەوەدا بە ئاماژە بە دەسدرێژییە بەردەوامەکانی کۆماری ئازەربایجان بۆ سەر خاکی ئەرمینیا و کاریگەری و لێکەوتەکانی ئەم هەنگاوە مەترسیدارە، جەختی لە سەر ئیدانەکردن و کاردانەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە تایبەت ئێران کردەوە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسیش بە ئاماژە بەوەی کە ئێران بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکات، وتی کە سەرجەم کێشەکانی ناوچەکە دەبێت بە شێوازی ئاشتیانە چارەسەر بکرێن.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: سەبارەت بە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی وڵاتان و نەبوونی هەر گۆڕانکارییەک لە سنورە نێودەوڵەتییەکان هەڵوێستی ئێمە ڕوونە و نابێت پەیوەندییەکانی ئێران و ئەرمینیا بکەوێتە مەترسییەوە، سەرەڕای ئەمەش ئێران ئامادەی یارمەتیدانە بۆ جێگیربوونی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە./.