بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە درێژەی بەرنامەی سەردانەکەی بۆ نیۆیۆرک لە گەڵ ئەنتۆنیۆ گۆترێش ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووە و جەختی لە سەر پێگەی ئەم ڕێکخراوە لە پێدانی ڕۆڵ بە گەلان و چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەوان بە بێ دەستێوەردانی بێگانەکان کردەوە و وتی کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت لە ڕاستیدا ڕێکخراوی گەلان بێت نەک ڕێکخراوی وڵاتانی زلهێز.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی ئێرانی بە دۆستی ڕۆژانی تەنگانەی دراوسێکان ناو برد و بە ئاماژە بە هەنگاوە مرۆڤدۆستانەکانی ئەم وڵاتە لە وەرگرتنی پەناخوازانی ئەفغانی و هەروەها ڕوبەڕوبونەوەی جیدیی گرووپە تیرۆریستییەکان وەک مەترسییەک لە سەر ناوچەکە و جیهان، وتی: لە بەرامبەردا ئەنجامی دەستێوەردانی ئەمریکا و ناتۆ لە ناوچەکەی ئێمە تەنیا شەڕ و ماڵوێرانی و داگیرکاری و کوشتار بووە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە قەیرانەکانی ئێستا لە چەندین وڵاتی جیهان، وتی کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێویستە ڕۆڵی لە وتوویژی نیشتمانیی ئەو وڵاتانە بە بێ دەستێوەردانی دەرەکی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ئەوان هەبێت.
ڕەئیسی پاڵپشتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ وتووێژی ناوچەیی لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە و گرفتی نێوان وڵاتانی دەربڕی و بەرامبەر بە ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: لە ئەگەری جێبەجێکردنی ماف و دادپەروەری لەم پێگەوە، ناوێکی گەورە لە ئێوە لە مێژووی ئەم ڕێکخراوەدا دەمێنێتەوە.
لەو کۆبوونەوەدا ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وێڕای دەستخۆشی لە کۆماری ئیسلامی ئێران بە بۆنەی پەنادانی ئاوارە و پەناخوازەکانی ئەفغانستان، ڕۆڵی ئێرانی لە ئاگربەستی یەمەن بەرز نرخاند و وتی کە کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێکەوتنی ناوەکی، بڕیارێکی نادرووست و نابەجێ بووە.
گۆترێش ئێرانی بە خاوەن شارستانیەتێکی کۆن و بەشێکی هەرەگرنگی جیهان ناو برد و وتی: تێبینی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر چارەسەرکردنی کێشەکانی یەمەن، عێراق، سوریا، لوبنان و ئەفغانستان بە دەستی خەڵکی ئەو وڵاتانە، شیاوی ڕێزلێنانە./.