بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ڕۆژی شەممە لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی بێلایەن لە پەراوێزی دانیشتنی لوتکەی حەفتا و حەوتەمی کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە سەر دۆسیەی فەڵەستین بەڕێوەچوو، وتی: بەداخەوە بە هۆی بێدەنگیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لاوازیی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە ئێستادا هەلومەرجێکی دڵتەزێن لە سەرتاسەری فەڵەستینی داگیرکراو دەبینرێت و گەلی فەڵەستین زیاتر لە ڕابردوو، تووشی هەلومەرجی دژە مرۆڤانە، داگیرکاری و سیاسەتی دڕندانەی ڕژێمی زایۆنیستین.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: بە هۆی سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی ڕژێمی زایۆنیستی، ڕۆژانە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە بەرامبەر گەلی فەڵەستین ڕووی لە زیادبوونە و ئەم سیاسەتەش بە شەپۆلێکی نوێی درووستکردنی شارۆچکەکان، کۆچی زۆرەملە، دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵ، ڕووخاندنی باخ و زەوییە کشتووکاڵییەکان و دەستبەسەرکردنی گەنجان و تەنانەت منداڵانی فەڵەستینی پەرەی سەندووە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: لە ئێستادا ڕژێمی زایۆنیستی لە نێو ڕای گشتی گەلان، زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە وەک ڕژێمێکی تاوانبار و ڕەگەزپەرست دەناسرێت.
ناوبراو وتی: ئەنجومەنی مافی مرۆڤ، پەرەسەندنی شارۆچکە زایۆنیست نشینەکانی وەک تاوانێکی شەڕ ناساندووە و لێبوردنی نێودەوڵەتیش لە کۆتا ڕاپۆرتی خۆی، ڕژێمی زایۆنیستیی وەک قەوارەیەکی ڕەگەزپەرست پێناسە کردووە، بەم پێیەش، پێویستی کۆتایی هێنان بە ڕەگەزپەرستی لە فەڵەستین بووەتە داوایەکی گشتی.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران لەو بڕوایەدایە کە لە ئەگەری بوونی ئیرادەی ڕاستەقینەی ئەندامانی ئەم دامەزراوە نێودەوڵەتییە، دەرفەتی پێویست بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی گەلی فەڵەستین لە بەرامبەر ڕژێمی داگیرکار بوونی دەبێت./.