بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە چاوپێکەوتنی لە گەڵ کەناڵی CGTN ی چین، وتی: بوونی پەیوەندی لە نێوان ئێران و وڵاتانی ناوچەکە بە دڵنیاییەوە دەتوانێت زۆربەی ئەو گەمارۆ و سزایانەی کە لە لایەن ئەمریکاوە جێبەجێ کراون، پووچەڵ بکاتەوە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: گەمارۆکان چەکن، ئەوان لە ساڵانی ڕابردوو زیاتر هێزی سەربازییان بەکار دەهێنا بەڵام ئەمڕۆ سیاسەتیان بۆ سەپاندنی سزا و گەمارۆکان گۆڕانکاریی بە سەردا هاتووە کە لە ڕاستیدا جۆرێکە لە شەڕی دژ بە گەلان.
ناوبراو وتی: پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران، چین و ڕووسیا دەتوانێت ڕۆڵی گرنگی لە پووچەڵکردنەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا بێت.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی ئاماژەی بە پێشکەوتنەکانی ئێران لە سەردەمی گەمارۆکان دا و وتی: سەرەڕای ئەو هەموو سزایەی کە لە ساڵانی ڕابردوو لە دژی وڵاتی ئێمە جێبەجێ کراوە، پێشکەوتنێکی بەرچاو لە کۆماری ئیسلامی بینراوە و بەرەو ئەو ئاسۆ گەشەی کە دیاریکراوە هەنگاو دەنێت.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: سەردەمی ئێستا، سەردەمی چەند جەمسەرییە، لە هاوکارییەکانی ئێمە، چین، ڕووسیا و ئەندامانی دیکە لە ڕێکخراوەکانی وەک شانگهای، ئیکۆ و ئوراسیا، ئەم هەوڵە هاوبەشە دەتوانێت هێزی نوێی بە دواوە بێت، بە دڵنیاییەوە کە دەتوانێت تاک جەمسەری لە جیهاندا نەهێڵێت./.