بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد شیاع سودانی لە کۆبوونەوەی لە گەڵ ژمارەیەک شارەزا، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی عێراقی، وتی: بەرنامەکانی کابینەی داهاتوو 23 بڕگە لە خۆ دەگرێت بەڵام کارەبا، تەندرووستی، خزمەتگوزاری، ڕێگاوبان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە ڕیزی گرنگترین بەرنامەکان دەبن.
ناوبراو وتی کە کابینەکەم بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، باشترکردنی دۆخی بژێوی هاووڵاتیان و هەلی کار هەوڵ دەدات و بەشەکانی وەک پیشەسازی، کشتووکاڵ و گەشتیاریش دەبێت چالاک بکرێنەوە.
کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی کە بەرنامەکان بە سەر سێ قۆناغدا دابەش دەکرێن و هەر وەزیر و بەرپرسێکی گەندەڵیش لە پۆستەکەی دوور دەخرێتەوە و مامەڵەی یاسایی لە گەڵ دەکرێت./.