بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەیسەڵ مێقداد ڕۆژی دووشەممە 26 ی ئەیلولی 2022 لە کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی کە هەر بەشدارییەکی سەربازی بە بێ بوونی ڕەزامەندی حکومەتی دیمەشق لە خاکی سوریا، نایاساییە و دەبێت کۆتایی پێ بهێندرێت.
ناوبراو وتی کە ڕژێمی زایۆنیستی پەرەی بە درووستکردنی شارۆچکەکان و تاوان لە دژی فەڵەستینییەکان داوە و هاوکات پاڵپشتی لە گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش و بەرەی نوسرە دەکات و فڕۆکەخانەکان و شوێنە مەدەنییەکانیش لە سوریا دەکاتە ئامانج.
وەزیری دەرەوەی سوریا وتی: پاڵپشتی هەندێک وڵات لە ڕژێمی زایۆنیستی، لە کاتێکدا کە بانگەشەی بەرگری لە مافی مرۆڤ دەکەن، بووەتە هۆی ئەوەی کە هیچ لێپرسینەوەیەک لەم ڕژێمە نەکرێت.
مێقداد وتی کە حکومەتی سوریا هیچ کات واز لە مافی سەروەریی لە جۆلانی داگیرکراو ناهێنێت و ئەمەش بابەتێک نییە کە بە تێپەڕبوونی کات چاوپۆشیی لێ بکرێت.
وتیشی کە قەیرانی سوریا ئەزموونێکی تاڵ بۆ خەڵک بووە و زیانەکانی لە ساڵی 2011 تا ئێستا زیاتر لە 107 ملیار دۆلارە خەمڵێندراوە.
وەزیری دەرەوەی سوریا وتی کە دیمەشق بەردەوام پاڵپشتیی لە چارەسەری سیاسی ئەم قەیرانە کردووە، بۆ نموونە، ئەنجامەکانی دانوستانەکانی ڕەوتی ئاستانەی قبووڵ کردووە بەڵام پاڵپشتییەکانی تورکیا لە تیرۆریستان بووە هۆی بێ کاریگەربوونی ڕەوتی ئاستانە.
فەیسەڵ مێقداد وتی کە میلیشیا کوردەکانی سوریاش دەبێت بیر لە ڕاستییەکان بکەنەوە و واز لە بەسراوەیی بە داگیرکارێکی دەرەکی بێنن./.