بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتووێژی لە گەڵ ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز سەبارەت بە شەڕی ئۆکرانیا وتی: ئێمە لە هەمان سەرەتاوە دژایەتی ئەم شەڕەمان کردووە و دژی شەڕین لە هەر ناوچەیەکی جیهان، بە ئەفغانستان، یەمەن، سوریا و عێراقیشەوە.
ناوبراو وتی: وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ ناردنی چەک و کەرەستەی سەربازی بوونەتە هۆکاری درێژەپێدانی شەڕی ئۆکرانیا.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان سەبارەت بە هۆکارەکانی پوتین بۆ شەڕی ئۆکرانیا، وتی: بەڕێز پوتین هۆکاری تایبەت بە خۆیی هەیە و لە پەرەسەندنی ناتۆ نیگەرانی جیدیی هەیە، لە لایەکی دیکەوە دەبینین کە ناردنی چەک بۆ ئۆکرانیا بەردەوامە و ئەمەش بووەتە هۆکاری درێژەپێدانی شەڕەکە.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕوونیکردەوە کە تاران پاڵپشتی لە هەر هەوڵێکی کۆتایی هێنان بە شەڕی ئۆکرانیا دەکات و بۆچوونی ئێمە ئەوەیە کە پێویستە لە ڕێگای وتووێژی سیاسییەوە کۆتایی بەم شەڕە بهێندرێت./.