بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا ڕەئیسی لە بەشێکی چاوپێکەوتنەکەدا و لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە دۆسیەی مەهسا ئەمینی، وتی: کاتێک هەواڵەکەم بیست لە وڵاتی ئۆزبەکستان بووم، هەواڵەکەیان بە مندا کە شتی وا ڕووی داوە و من دەستبەجێ پەیوەندیم بە بەرپرسانەوە کرد و بە وەزیری ناوخۆ و لایەنەکانی دیکەم وت بە هەستیارییەوە بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسیەیە بکەن.
ناوبراو وتی: پاش مردنی مەهسا ئەمینی پەیوەندیم بە باوکییەوە کرد و هاوخەمی خۆمم بۆ ئەوان ڕاگەیاند، بەوانم وت کە ئەم هەواڵە بۆ من و هەر ئێرانییەک، لە بەر ئەوەی گرنگی بە خێزان و پەیوەندی خێزانی دەدەین، جێی خەم و کەسەرێکی زۆرە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: هەمووان لەوەی کە کچێک وا گیانی لە دەست داوە هەست بە ئازارێکی زۆر دەکەن و ئەمەش خاڵی هاوبەشی هەمووی ئێمەیە. بە بنەماڵەی ئەو کۆچکردووەم وت کە بە دڵنیاییەوە بەدواداچوون بۆ دۆسیەکەی دەکەم و ئەگەر هەر هەڵە و کەموکورتییەک هەبووبێت، بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: دۆسیەی مردنی مەهسا ئەمینی لە بەشە جیاجیاکانی حکومەت و پەرلەماندا تاوتوێ دەکرێت و پزیشکی دادوەری بەدواداچوونی تایبەت و پسپۆڕانەی بۆ دەکات، گومان لەوەدا نییە کە ئەم ڕووداوە هەموومانی تازیەبار کردووە، ئەوەی کە ئەرکی حکومەت و ئەرکی مرۆیی ئێمەیە، ئەوەیە کە بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسیەیە بکرێت.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: وەک چۆن کە بە بنەماڵەی ئەمنیم وتووە، لەم دۆسیەیەدا بنەمای سەرەکی، شەفافییەت و دادپەروەرییە.
وتیشی کە پزیشکی دادوەری بڕیارە بۆچوونی کۆتایی خۆی لە سەر ئەم دۆسیەیە ڕابگەێنێت و پاشان بڕیاری کۆتایی لای دەزگای دادوەری دەبێت و لێدوانی ئەوان لە ڕووی یاساییەوە قبووڵکراوە، دڵنیایی دەدەین کە بابەتەکە دەبێت ڕوون بکرێتەوە./.