بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وتی کە تێڕوانینی نەرێنی لە سەر محەممەد شیاع سودانی کاندیدی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران نییە.
ناوبراو وتی: دانوستان لە سەر پێکهێنانی حکومەتی نوێ چەند ڕۆژێکە دەستیپێکردووە و سودانی نوێنەری پێکهاتەی شێعەیە بەڵام ئێمە مافی ئەوەمان هەیە قبووڵ یان ڕەتیبکەینەوە.
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە پاڵپشتی ئەمریکا لەم وڵاتە، وتی: سەقامگیری عێراق بابەتی سەرەکیی ئەمریکا نییە، پاڵپشتی ئەمریکا لە عێراق زیاتر لەوەی کە ڕاستی بێت، بابەتێکی میدیاییە.
حەلبوسی سەبارەت بە هاوپەیمانی سێقۆڵی نێوان ڕەوتی سەدر، پارتی دیمۆکراتی کوردستان و هاوپەیمانی سەروەری وتی کە بە دەست لە کار کێشانەوەی ئەندامانی فراکسیۆنی ڕەوتی سەدر لە پەرلەمان، ئەو هاوپەیمانییە کۆتایی هات بەڵام پەیوەندییەکان بەردەوامە./.