بە پێی جام کوردی، ڕۆژی پێنج شەممە 29 ی ئەیلول خەڵکی کوێت ڕوویان لە سندۆقەکانی دەنگدان کرد تا 50 ئەندامی خولی نوێی پەرلەمانی وڵاتەکەیان هەڵبژێرن.
لە هەڵبژاردنەکانی کوێت 305 کاندیدی ژن و پیاو لە سەر 50 کورسی پەرلەمانی کێبڕکێیان کرد.
حکومەتی کوێت ڕۆژی هەینی 30 ی ئەیلول ئەنجامە فەرمییەکانی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە پێکهاتەی پەرلەمانی نوێ لە سەدا 54 گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و تەنیا 12 ئەندامی خولی پێشوو دووبارە هەڵبژێردراون. نەیارانی حکومەتی کوێتیش لە سەدا 60 ی کورسییەکانی پەرلەمانیان لە بەرژەوەندی خۆیان مسۆگەر کرد و بەمەش دەسکەوتێکی گەورەی سیاسییان بە دەست هێنا.
لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوێت هاوپەیمانی شێعە کە لە پەرلەمانی 2020 تەنیا 6 کورسیی هەبوو، بووە خاوەنی 9 کورسی کە کاندیدە سەرکەوتووەکانی شێعە لە کەسانی ناوداری سیاسی ئەو وڵاتەن.
لەم خولەی پەرلەمانی کوێت دوو کاندیدی ژن بوونە ئەندام و بە دەسکەوتێکی گەورەش بۆ ئەوان هەژمار دەکرێت./.