بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەریق حوسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ یەک شەممە 2 ی تشرینی یەکەمی 2022 بە ئاماژە بە دۆخی ئێستای ئەمریکا لە ناوچەکە بەراورد بە 30 ساڵی ڕابردوو، وتی کە ئەمریکا ئەمڕۆ پیر، لاواز و شکستخواردووە و ئێمە ئەم بابەتە دەبینین.
ناوبراو وتی: من بە چاوی سەر دەبینم و دەڵێم کە ئەمریکا شکستی هێناوە و ئێستا هەوڵی قەرەبووکردنەوەی ئەم شکستانە دەدات و بۆ ئەمەش سەرجەم شەیتانەکان و ناپاکانی جیهان، شەڕێکی سیاسی و میدیاییان دەستپێکردووە.
فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتی: هێماکانی ئەم هێرشەی دوژمن بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستەکان دەبینرێت، ئەوان دەیانەوێت موڵەتی ئەوە نەدەن تا بە ناوی ئیسلامەوە جوگرافیایەکی سەربەخۆ بە دەسەڵات و سەروەری، هێز و خاوەن پێگە و دەستڕۆیشتوویی بوونی هەبێت.
سەلامی وتی: ئەمریکییەکان پێگە و دەستڕۆیشتوویی ئێمە لە ناوچەکە وەک بەربەستێکی گەورە بۆ زاڵبوونی سیاسی، ئەمنی، ئابوری و ڕۆشنبیری خۆیان لە جیهانی ئیسلام وەک گرنگترین بەشی جوگرافیای جیهان دەزانن. ئەمریکییەکان بە ئێمە دەڵێن کە ئەم دەستڕۆیشتووییەی ئێران لە ناوچەکە نەبێت، لە بەر ئەوەی کە ئێمە دەمانەوێت لە ناوچەکە بین و پاشان ئەمر بە ئێوە بکەین کە جێبەجێی بکەین و هیچ ڕۆڵێکی دیکەتان نەبێت.
فەریق حوسێن سەلامی وتی: ئەمریکییەکان دەیانەوێت لە ڕێگای پێکهاتەکان و فریودانی گەنجان ئێمە بکشێننە شەقامەکانەوە، ئەمە کۆتا سیاسەتی دوژمنە، تێکەڵاوێک لەوانەی پێشوو بەکاری هێناوە، بەڵام ئێمە بەئەزموونین و دوژمن دەناسین. نەبوونی زانیاری لە سەر دوژمن، هۆکاری شکستە بەڵام زانیاری هەموو کات سەرکەوتنی بە دواوە دەبێت، سەرکەوتن لە زانیاری و ئیماندایە.
وتیشی: ئێمە سزا و گەمارۆکانمان تێپەڕاندووە، کەمتر کەسێک دەتوانێت ئەمە بڵێت، لە هەر گۆڕەپانێکی دوور و نزیک دوژمن شکستی هێناوە، دوژمن لە هەموو شوێنێک شکستی هێناوە، پێگەی ئەمریکا لە ناوچەکە بەراورد بە 30 ساڵی ڕابردوو ئەم ڕاستییە دەردەخات.
فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتی: دوژمن ئێستا بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستەکان هاتووەتە گۆڕەپانەکەوە و بۆ ئەمەش شەڕێکی سیاسی و میدیایی دەستپێکردووە./.