بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە 3 ی تشرینی یەکەمی 2022 لە ڕێوڕەسمی دەرچووانی زانکۆکانی هێزە چەکدارەکان لە وتارێکی گرنگدا سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییە جەختیان کردەوە: بە ڕاشکاوانە دەڵێم کە ئەم ڕووداوانە پیلانی ئەمریکا، ڕژێمی زایۆنیستی و شوێنکەوتووانی ئەوانە. کێشەی سەرەکی ئەوان لە گەڵ ئێرانێکی بەهێز و سەربەخۆ و پێشکەوتنی وڵاتە. گەلی ئێران لەم ڕووداوانەدا بەهێزەوە دەرکەوت و لە داهاتووش لە هەر شوێنێک کە پێویست بکات، بوێرانە دێتە گۆڕەپانەکەوە.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی جەختیان کردەوە: لە داهاتووشدا لە هەر شوێنێک کە دوژمنان بیانەوێت کێشەیەک بخوڵقێنن، ئەوانەی کە زیاتر لە هەمووان سنگی خۆیان دەکەنە قەڵغان، گەلی بوێر و ئازا و ئیمانداری ئێرانە.
بەڕێزیان وتیان: لەم ڕووداوەی کە هاتە پێشەوە، کچێکی گەنج کۆچی دوایی کرد کە دڵی ئێمەش سووتا بەڵام کاردانەوەکان لە سەر ئەم ڕووداوە کە بە بێ لێکۆڵینەوە و بێ ئەوەی کە شتێکی ڕوون بوونی هەبێت، هەندێک بێن و شەقامەکان ئاڵۆز بکەن، سەرپۆش لە سەر ژنانی موسڵمان دەربێنن، مزگەوت و حوسێنیە و ئۆتۆمبێلی خەڵک بسووتێنن، بەڵێ ئەمە کاردانەوەیەکی ئاسایی و سرووشتی نەبووە.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم ئاژاوەگێڕییانە بە پلانی پێشوەختە بووە و وتیان: ئەگەر دۆسیەی ئەم کچە گەنجەش نەدەبوو، بیانوویەکی دیکەیان درووست دەکرد تا ئەمساڵ لە سەرەتای وەرزی نوێی خوێندن، لە وڵاتدا ئاڵۆزی و ناسەقامگیری بخوڵقێنن.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتیان: من بە ڕاشکاوانە دەڵێم کە ئەم ئاژاوەگێڕی و ئاڵۆزییانە، پیلانێکی ئەمریکا و ڕژێمی داگیرکار و تەزویری زایۆنیستی بووە و مووچەخۆرانی ئەوان و هەندێک لە ئێرانییە خیانەتکارەکان لە دەرەوەش هاوکاریی ئەوانیان کرد.
بەڕێزیان وتیان: لە جیهاندا ئاڵۆزی و ناسەقامگیری زۆر هەبووە، لە ئەورووپا و بە تایبەت لە وڵاتی فەرەنسا و شاری پاریس ماوە ماوە ئەو ناسەقامگیرییە دەبینرێت بەڵام تا ئێستا ئەوە نەبینراوە کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا و کۆنگرێسی ئەو وڵاتە بۆ پاڵپشتی لە ئاژاوەگێڕەکان بەیاننامە دەربکەن. ئایا پەیامی ئەوەیان بڵاو کردووەتەوە کە بە ئاژاوەگێڕەکان بڵێن لە گەڵ ئێوەین؟ ئایا ئەوە بینراوە کە دەزگا میدیاییەکان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی سەر بە ئەمریکا و ئەورووپا بەم شێوازە پاڵپشتی لە ئاژاوەگێڕەکان بکەن؟ ئەم پاڵپشتییەی ئەوان لە ئێراندا ڕووی داوە. چۆن دەبێت کە هەندێک ئەم دەستێوەردان و دەستە دەرەکییە نابینن و چۆن مرۆڤی ووشیار هەست بەوە ناکات کە لە پشتەوەی ئەم ڕووداوانەدا دەستێکی دیکە هەیە.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی بە ئاماژە بەوەی کە هاوخەمی ئەمریکییەکان بۆ مردنی کچێک درۆیە و ئەوان بۆ بە دەستهێنانی ئەم بیانووە خۆشحاڵن، وتیان: لە وڵات، بەرپرسانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکە لێدوانیاندا و هاوخەمی خۆیان دەربڕی و دەزگای دادوەری بەڵێنی بەدواداچوونی تەواوی بۆ دۆسیەکە داوە تا ڕوون ببێتەوە ئەگەر تاوانبارێک هەبێت یان نە، ڕوون ببێتەوە. لێکۆڵینەوە بە واتای ئەمەیە. چۆن دەبێت ڕێکخراوێک و دەزگایەکی گەورەی خزمەتگوزار ئەگەر هەڵەیەکی کردبێت، بەم جۆرە تۆمەتبار بکرێت، هیچ لۆژیکێک لەمەدا نییە و ئەمەش تەنیا کاری دەزگا هەواڵگرییەکان و سیاسەتمەدارانی دوژمنە لە دەرەوەی وڵات.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران سەبارەت بە هۆکاری دەستێوەردان و پیلانگێڕی بیانییەکانیش وتیان: ئەوان هەست دەکەن وڵات بەرەو پێشکەوتنی هەمەلایەنە دەچێت و ئەمەش بۆ ئەوان قبووڵکراو نییە./.