بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەنتۆنیۆ گۆترێش ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان شەوی دووشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا لە گەڵ ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران سوپاسی بەشداری چالاک و تێڕوانینی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد لە حەفتا و حەوتەمین دانیشتنی کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و وتی کە پێشوازی لە بەڕێزتان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان شانازییەکی گەورە بۆ من بووە و لە کۆبوونەوەمان لە گەڵ یەکتر وتووێژی گرنگمان هەبوو.
گۆترێش ستایشی ڕۆڵی ناوچەیی و پێگەی شارستانیەتی ئێرانی کرد و بە هۆکارێکی گرنگ لە بەرزکردنەوەی ئاستی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە ناو برد.
ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها داوای هاوکاریکردنی ئێرانی کرد لە درێژکردنەوەی ئاگربەستی یەمەن.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لەو وتووێژەدا وێڕای سوپاسی هەوڵەکانی ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەڕێوەچوونی دانیشتنی ساڵانە، ئامادەیی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ بەکارهێنانی سەرجەم هێز و دەفرایەتیی خۆی لە پێناو هاوکاریکردنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووە لە بوارە جیاجیاکان و بە ئامانجی مسۆگەربوونی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە و جیهان ڕاگەیاند./.