بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمریکا لە 7 ی تشرینی یەکەمی 2001 بە درووشمی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم ئەفغانستانی داگیرکرد و ئامانجی خۆیی وەک لەناوبردنی گرووپی تیرۆریستی قاعیدە، ڕووخانی تاڵیبان، پێکهێنانی حکومەتێکی دیمۆکراتیک، بەرگری لە مافی مرۆڤ، ژنان و هەروەها ئاوەدانکردنەوەی ئەفغانستان ڕاگەیاند. لەم نێوەندەدا، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، پێکهێنانی حکومەتێکی مۆدێڕن و بەرگری لە مافی مرۆڤ وەک گرنگترین ئامانجەکانی ئامادەبوونی سەربازیی ئەمریکا و ناتۆ لە ئەفغانستان بووە.
پاش 20 ساڵ، ئەمریکا لە کاتێکدا لە ئەفغانستان پاشەکشەی کرد کە حکومەتە دەستکردەکەی واشنتن بە تەواوی هەڵوەشایەوە و تۆڕێکی بەربڵاو لە گرووپە توندڕۆ و تیرۆریستییەکان لە ئەفغانستان کەوتنە چالاکی، مافی مرۆڤ لەم وڵاتەدا بە تایبەت مافی ژنان لەوپەڕی خەراپیدایە و حکومەتی تاڵیبان دیسانەوە دەسەڵاتی گرتەوە دەست.
ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر ئەوەیە کە بوونی درێژخایەنی ئەمریکا لە ئەفغانستان لە ڕووی سەربازییەوە کاریگەریی مرۆیی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە. لە 20 ساڵ داگیرکاریی ئەمریکا، زیاتر لە 60 هەزار سەربازی ئەفغانستان گیانی خۆیان لە دەستدا و بە هەزاران کەسی مەدەنیش کوژران و بریندار بوون. لە ئێستادا بە هەزاران بێوەژن و منداڵی هەتیو لە ئەفغانستاندان و ئەمەش لێکەوتەی ئەو شەڕ و داگیرکارییەی ئەمریکایە.
دۆخی نالەباری ئابوری و ئەو کارەساتەی کە لە ئەفغانستاندا دەبینرێت، میرات و بەرهەمی 20 ساڵ ئامادەبوونی سەربازیی ئەمریکا و ڕێکخراوی ناتۆیە لەم وڵاتە. بە ملیاران دۆلار هاوکاریی ئاوەدانکردنەوەی ئەفغانستان بە هۆی گەندەڵیی ئیدارییەوە و لە ڕێگای ڕێکخراوە بیانییەکانەوە دیسانەوە لەم وڵاتە برانە دەرەوە و هیچ هەنگاوێکی بنەڕەتی و ژێرخانی بۆ گەشەی ئابورییە مایەپووچەکەی ئەفغانستان هەڵنەگیرا.
بە پێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، لە ئێستادا نزیکەی 25 ملیۆن کەس بە تایبەت 13 ملیۆن منداڵ لە ئەفغانستان پێویستیان بە هاوکاری مرۆڤدۆستانە هەیە و بە پێی ڕاپۆرتی نووسینگەی گەشەپێدانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە سەدا 97 ی دانیشتووانی ئەفغانستان مەترسی ئەوەیان لە سەرە بکەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە.
سیاسەت و هەڵسووکەوت دووفاقیی ئەمریکا لە پرسی مافی مرۆڤ و سوود وەرگرتنی خەراپ لە درووشمی بەرەنگاربوونەوە و شەڕی دژ بە تیرۆریزم هاوکات لە گەڵ تەواوبوونی ئەرکە سەربازییەکانی ئەمریکا و ناتۆ لە ئەفغانستان لە پاش ساڵی 2014 زیاتر بۆ گەلی ئەم وڵاتە ئاشکرا بوو، تا ئەوەی کە لە ئاکامدا بە ڕێکەوتنی سیاسیی واشنتن و گرووپی تاڵیبان، بەرپرسانی کۆشکی سپی بە تایبەت جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕایانگەیاند کە ئەمریکا ئەفغانستانی وەک گۆڕەپانی شەڕی دژ بە دوژمنەکانی بەکار هێناوە نەک ئەوەی کە کچانی ئەفغانستان بچنە قوتابخانەوە.
ئەمریکا لە ماوەی 20 ساڵ ئامادەبوونی سەربازیی خۆی لە ئەفغانستان، زیاتر لە 2300 کوژراو و 20 هەزار برینداری هەبوو و تێچووە ئابورییەکەشی زیاتر لە 2 تریلیۆن دۆلار خەمڵێندراوە.
لێکەوتە و ئەنجامی ئەم تێچووە مرۆیی و سەربازییەی 20 ساڵ شەڕی ئەمریکا لە ئەفغامستان تەنیا خەم و ئازاری گەلی ئەم وڵاتە و پاشەکشەی پێگەی ئەمریکا لە ناوچەکە بووە. ئێستا پرسیاری گرنگ بۆ گەلی ئەفغانستان و دانیشتووانی ئەمریکا کە باجی سیاسەتەکانی وڵاتەکەیان دەدەن، ئەوەیە کە ئەم شەڕە بۆ کرا و بۆ ئەنجامەکەی ئەمە بوو؟
شرۆڤەکارانی کاروباری ئەفغانستان لەو بڕوایەدان کە ئەمریکا و ناتۆ پاش ئامادەبوونی سەربازی لە ئەفغانستان لەبری درووستکردنی حکومەتێکی بەتوانا و کارامە، ستراتیژی هەواڵگرییان لە دژی وڵاتانی ناوچەکە لە ڕێگای ئەفغانستانەوە پەیرەو کرد. وەک چۆن کە دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ئامانجی ئێمە لە ئامادەبوون لە بنکەی سەربازیی بەگرامی ئەفغانستان چاودێریی چین بووە. بەم دۆخەوە، شکست و کشانەوەی ئەمریکا وەک شکستی ستراتیژی واشنتن لە سەر ئاستی ناوچەکە هەژمار دەکرێت.
ئەو شکستەی ئەمریکا پیشان دەدات کە بە ملیاران دۆلار چەک و کەرەستەی سەربازی لە گەڵ تۆڕێکی گرووپە توندڕۆکانی ناوچەکە بە تایبەت داعش و جوداییخوازەکان لە ئەفغانستان بە جێ ماوە. ئێستاش ئەو گرووپانە وەک هاوکاریی ئەمریکا و بە بودجەی ئەم وڵاتە شەڕی بەوەکالەت بۆ واشنتن دەکەن.
هێرشەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، پاش هێرشەکەی 11 ی سپتمبێر دەستیپێکرد کە حکومەتی تاڵیبانی ڕووخاند. تاڵیبان 19 ساڵ و 8 مانگ پاش شکستی هێزە سەربازییەکانی ئەفغانستان و پاشەکشەی هێزەکانی ناتۆ گەیشتەوە دەسەڵات./.