بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید مەجید میرئەحمەدی کە لە پاش مردنی مەهسا ئەمینی لە لایەن وەزیری ناوخۆی ئێرانەوە بووەتە بەرپرسی تەواوی دۆسیەکەی، ڕۆژی دووشەممە 10 ی تشرینی یەکەمی 2022 لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوەچوو، بە ئاماژە بە بەڵگەیەک وتی: ئەمجەد باوکی مەهسا ئەمینی کە فەرمانبەری ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی بووە، یەکی خەرمانانی ساڵی 1395 ی کۆچی هەتاوی داواکارییەکی ئاراستەی بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوەکە لە پارێزگای کوردستان کردووە و سەبارەت بە نەخۆشیی کچەکەی ڕایگەیاندووە کە دەبێت لە ژێر چاودێری پزیشکیدا بێت و هەموو مانگێک سەردانی شاری تەورێز بکات و لە نامەکەدا داوایکردووە کە لە گەڵ کچەکەیدا بمێنێتەوە.
سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی ئێران وتی: فیلمێکمان لایە کە باوکی مەهسا ئەمینی لە پاش بینینی جەستەی کچەکەی دەڵێت هیچ ئاسەوارێکی لێدان بە سەریەوە نییە. لەو فیلمەدا دۆخی سەری مەهسا ئەمینی بە تەواوی ڕوونە.