بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ سێ شەممە 11 ی تشرینی یەکەمی 2022 لە پەراوێزی بەسەرکردنەوەی پرۆژەی پاڵاوتنی ئاوی سنە بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند کە هەندێک ئاژاوەگێڕی لە ناو شاردا هەبووە، ئەگەرچی بچووک بووە بەڵام بووەتە کێشە بۆ خەڵک.
ناوبراو وتی: ئەمانە پلانی پێشوەختەی گرووپە تیرۆریستییە جوداییخوازەکانی وەک کۆمەڵە، دیمۆکرات و پەژاک بووە کە مێژوویەکی زۆر خەراپیان لە بەکرێگیراویی سەدام تا وڵاتانی ڕۆژئاوا و هاوکاری لە گەڵ زایۆنیستەکان هەیە.
وەحیدی وتی: مێژوو باشترین بەڵگەیە لە سەر تاوان و کردەوە تیرۆریستییەکانی ئەم گرووپانە لەم ناوچەیە و ئێستاش هەوڵی ئەوەیان داوە لە ئاژاوەگێڕییەکانی ئێرەدا ڕۆڵیان هەبێت.
وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئەو گرووپانە چاویان بە ڕووی ئەوەدا هەڵنایەت کە پێگەی باڵای گەلی بەشەرەفی کورد لە وڵات و کۆماری ئیسلامی ئێراندا ببینن.
ناوبراو وتی: دوژمنان بە ئاژاوەگێڕی ڕێگری لە ئاوەدانکردنەوە و جێبەجێکردنی پرۆژەکان و گەشە و پێشکەوتنی کوردستان دەکەن.
وەحیدی وتی: دوژمنانی گەلی کورد و شۆڕشی ئیسلامی دەیانەوێت بە ئاژاوەگێڕی کەشێک بێننە پێشەوە کە وەبەرهێنەر و سەرمایەگوزار نەتوانێت لە پارێزگای کوردستان چالاکی ئابوریی هەبێت، ئەمەش لە زیانی خەڵک و لە بەرژەوەندی دوژمنە.
وتیشی کە خەڵکی بەشەرەفی کورد بە باشی ئەمانە دەناسن و دەزانن کە دوژمنانی کۆماری ئیسلامی ئێران پاڵپشتی لەم گرووپانە دەکەن و هێزە ئەمنی و سەربازییەکان دەبێت بە توندترین شێواز ڕوبەڕوی ئەم ئاژاوەگێڕانە ببنەوە./.