بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە کۆبوونەوەی مەهدی سەفەری لە گەڵ مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر دوو لا سەبارەت بە ڕێگاکانی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێم و ئاسانکاری بۆ بازرگانان و وەبەرهێنەران، وتووێژ و بیر و ڕایان ئاڵوگۆڕ کرد.
هەروەها هەر دوو لا جەختیان لە سەر چارەسەرکردنی کێشە و بەربەستەکانی بەردەم ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان و جێبەجێکردنی سەرمایەگوزاری هاوبەش کردەوە.
نەسروڵڵا ڕەشنودی سەرکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر، عەلی فیکری جێگری وەزیری ئابوری و دارایی ئێران، شەهریار حەیدەری ئەندامی پەرلەمان و سەید موسا تەباتەبایی بەرپرسی دایرەی یەکەمی کەنداوی فارس لە وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەندامانی شاندەکەی یاوەری مەهدی سەفەری بوون.
هەروەها لەم سەردانەدا کۆبوونەوەی کۆمیتەی هاوبەشی ئابوریی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی مەهدی سەفەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری دیپلۆماسیەتی ئابوری و ئۆمێد سەباح ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و هەر دوو سەرکۆنسووڵی ئێران لە هەولێر و سلێمانی بەڕێوەچوو.
لەو کۆبوونەوەدا هەر دوو لا جەختیان لە سەر پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەکان لە بوارە جیاجیاکانی وەک بازرگانی، پیشەسازی و خاڵە سنورییەکان کردەوە و ڕایانگەیاند کە هیچ بەربەست و سنورێک لە بەردەم پەیوەندییەکاندا بوونی نابێت.
کۆبوونەوەکە بە پێنجەم کۆبوونەوەی کۆمیتەی هاوبەشی ئابوری لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان دادەنرێت و بابەتی سەرەکیش بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتی کۆمپانیا ئێرانییەکان و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان بووە./.