بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە ئێران و بە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێگری لەوە کراوە کە ناکۆکی لە نێوان موسڵمانانی شێعە و سوننەدا هەبێت. لە ئێران موسڵمانانی سوننە وەک شێعەکان لە ئەرکە ئائینییەکانی خۆیاندا ئازادن و تا ئێستا پیلانی دوژمنان بۆ ئاژاوەگێڕی و ناکۆکی خستنە نێوان موسڵمانانی شێعە و سوننە شکستی هێناوە.
لە شاری کرماشان مزگەوتی سوننەکان هێندە جوان و ڕازاوەتەوە کە ڕەنگە مزگەوتی شێعەکان وا نەبێت، ئەمەش پیشاندەری سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، بە پێچەوانەی ئەوەی کە لە لایەن دوژمنانەوە وەک شەڕێکی میدیایی لە سەر ئێران دەبینرێت.
کرماشان وەک شارێکی مێژوویی
کرماشان شارێکی گەورەیە بە مێژوویەکی دوور و درێژ و لە سەرچاوە بڕواپێکراوەکانی سەدەی چوارەمی زائینیدا ناوی هاتووە. دەوترێت کە لە سەردەمی ساسانییەکاندا کرماشان گوندێکی جوان بە کەشوهەوایەکی دڵڕفێن بووە و وەک شوێنی مانەوە و حەوانەوەی پاشاکان بەکار هێنراوە. لەو سەردەمەدا چەندین باخی ڕازاوە لە کرماشاندا درووست کران.
لە ئێستادا کرماشان یەکێکە لە گەورە شارەکانی ئێران کە ئاسەواری زۆر گرنگی مێژوویی لە خۆیدا شوێن کردووەتەوە. زۆرترین ئاسەوارەکانیش پەیوەندییان بە سەردەمی قاجاڕەوە هەیە، بۆ نموونە، کۆمەڵەی مێژوویی بێستون. بەڵام یەکێک لە ئاسەوارە مێژووییەکانی کرماشان کە بۆ سەردەمی قاجاڕ دەگەڕێتەوە و ناوبانگی جیهانیی هەیە، مزگەوتی ئیمام شافعییە.
بۆ مزگەوتی شافعی کرماشان پێشنیار دەکرێت؟
ئەم مزگەوتە یەکێک لە جوانترین مزگەوتەکانی جیهانە.
بە نموونەیەک لە جوانترین شێوازەکانی بیناسازیی ئیسلامی دادەنرێت.
لە شوێنە گرنگ و گەشتیارییەکانی دیکەی کرماشانیش نزیکە.
مێژووی مزگەوتی ئیمام شافعی
میوانخانەیەک لە شوێنی ئێستای مزگەوتی گشتی ئیمام شافعی هەبووە کە لە لایەن چەند خێرخوازێکی سوننەوە کڕدراوە. ئەم بینایە بە سەرپەرشتی مەلا سەید حوسێن مەسعودی و هەوڵی خێرخوازانی دیکەی وەک خەلیفە محەممەد ساڵح محەممەدی، خەلیفە سەید عەلی نەقشبەندی، جەعفەر شەریفی، ئەحمەد مودەلەلی، میرزا حەبیب بڵندی و عەلی محەممەد شیانی لە ساڵی 1324 دامەزراوە.
شێوازی بیناسازیی مزگەوتی ئیمام شافعی
مزگەوتی ئیمام شافعی لە ڕووی بیناسازییەوە سرنجی هەر کەسێک ڕادەکێشێت. ڕوبەری ئەم مزگەوتە بەشکۆیە 10 هەزار و 60 مەتری چوارگۆشەیە. مزگەوتەکە جیاوازییەکی زۆری لە گەڵ مزگەوتەکانی دیکەی ئێران هەیە، لە بەر ئەوەی کە لە سەر شێوازی بیناسازیی عوسمانی درووست کراوە. ئەگەرچی لە دەرەوە ڕەنگە جیاوازییەکی ئەوتۆی نەبێت بەڵام لە بەشی ناوخۆییەوە جیاوازییەکان هێندە زۆن کە بتوانین بە یەکێک لە جوانترین مزگەوتەکانی جیهانی ناو ببەین. ئایاتی پیرۆزی قورئان لە ناو مزگەوتەکە لە سەر دیوارەکان بە جوانکارییەکی زۆرەوە نووسراون.
بەشەکانی مزگەوتی ئیمام شافعی
بینایەکی نوێ لە تەنیشت مزگەوتی ئیمام شافعی کراوەتەوە کە نوێژی ڕۆژانەی بەکۆمەڵی تێدا دەکرێت. هەروەها شوێنی ژنان و پیاون بە جیا کراوەتەوە. کتێبخانەش بەشێکی دیکەی ئەم مزگەوتەیە.
زانیاری دیکە
مزگەوتی گشتی ئیمام شافعی لە ناوچەیەکی کۆنی شاری کرماشاندایە بە ناوی جەوانشیر کە هێشتا بینا کۆن و مێژووییەکانی دەتوانێت کاتێکی خۆش بۆ هەر گەشتیارێک دابین بکات. هەروەها ئەم مزگەوتە لە نزیک بازاڕی مێژوویی کرماشانە بە ناوی تاریکە بازاڕ و باشترین شوێنە بۆ کڕینی دیارییەکان.
ڕۆژانە لە کاتژمێر 10 ی بەیانی تا 6 ی ئێوارە دەکرێت سەردانی مزگەوتەکە بکرێت.
شوێنە گەشتیارییەکانی نزیک لە مزگەوتی ئیمام شافعی
لە نزیک ئەم مزگەوتە مێژووییە، شوێنی گەشتیاری دیکەش بوونی هەیە کە دەتوانین ئاماژە بەمانەی خوارەوە بدەین:
مزگەوتی گشتی، مزگەوتی ئاغا ڕەحیم ئالی ئاقا، مزگەوتی عیماد دەولە، بازاڕی ئیسلامی، تەکیەی مەعاون مولک، کەنیسەی دڵی پیرۆزی مەسیح، مۆزەخانەی پارینە سەنگیی زاگرۆس و پارکی کەوسەر.
هەروەها هوتێلەکانی مێعراج، داریوش، ئازادی، ڕێگای کەربەلا و ڕساڵەت لەم مزگەوتەوە نزیکن. وێڕای ئەوەش کە باشترین ڕێستورانتەکانی کرماشان وەک ڕێستورانتی ئیسلامی لە مەودایەکی زۆر کەمی ئەم مزگەوتەدان./.