بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، تەمەن، پێکان، جوڵەی هەڵە، خۆراک و …. ئەمانە هەمووی کاریگەریی لە سەر جومگەی ئەژنۆ هەیە. هەندێک جار جەستەی مرۆڤ ناتوانێت کۆنتڕۆڵی داخورانی کرکراگەی جومگەکە بکات.
دکتۆر هەڤین کەماڵ باسی ئەو ڕێنماییانەی کردووە کە بۆ پاراستنی جومگەی ئەژنۆ گرنگن.
بەردەوام بە لە جوڵە کردن:
ئەمە بە واتای هەمیشە وەرزشکردن نییە، بەڵکوو ئەوە دەگەێنێت کە بەردەوام بە لە جوڵەپێکردنی هەموو ماسولکە و جومگەکان، هیچ کات بە شێوەیەکی دوور و درێژ مەمێنەرەوە، بۆ نموونە وەستان بە پێوە زۆر یان دانیشتنی زۆر، پێویستە هەر کاتێک هەستت بە ناڕەحەتی کرد دەست بکەیت بە جوڵە، مانەوە بە چالاکی یارمەتیدەری جوڵانەوەی شلەی ساینۆڤیەڵ دەدات لە ناو جومگەی ئەژنۆدا کە ناهێڵێت ئێسکەکان بەریەک بکەون و یارمەتی پتەوبوونی جومگە و ماسولکە دەدات، ڕۆیشتن بۆ ماوەی یەک کاتژمێری ڕۆژانە، یەکێکە لە باشترین وەرزشەکان.
تا دەتوانیت ئاو بخۆرەوە:
لە بەر ئەوەی کرکراگەکان بە شلەی ساینۆڤیەڵ یان لینجی داپۆشراون، لە ڕاستیدا لە سەدا 60 ی کرکراگەکان لە ئاو پێکهاتووە، بۆ ئەمەش گرنگە کە بە بەردەوامی ڕێگری لە وشکبوونی جەستەمان بکەین. لە بەر ئەوەی کە ئەگەر کەم ئاو بخۆینەوە دروستبوونی شلەی ساینۆڤیەڵ کەم دەبێتەوە و ڕێژەی داخوران و بەریەک کەوتن و ئازاری جومگەکان زیاد دەکات. ئاو خواردنەوە زۆر گرنگە بە تایبەت لەوانەی نەخۆشی ڕۆماتیزم یان دەردە شاهانە یان داخورانی جومگەکانیان هەیە.
ماسولکە بنیات بنێ:
لە بەر ئەوەی کە ماسولکەکان ئەرکی سەر جومگەکان کەم دەکەنەوە، هەتا بەهێزتر بن پاڵەپەستۆ لە سەر جومگەکان کەم دەکەنەوە، کێشی جەستە زیاتر سوک دەکەن لە سەر جومگەکان، بۆ ئەمەش پێویستە کە ماسولکەکانی دەوری ئەژنۆ بەهێز بکەیت.
بەکارهێنانی شێوازی تەندرووست لە کاتی وەستان، دانیشتن، شت هەڵگرتن، خۆدانەواندنەوە. ئەمانە هەمووی کاریگەری هەیە لە سەر کەمکردنەوەئ ئازار و پاراستنی جومگەی ئەژنۆ.
خواردن:
گرنگییەکی زۆری هەیە لە سەر تەندرووستی جومگەکان، هەندێک خۆراک یارمەتی پاراستنی تەندرووستی جومگەکان دەدات. بە پێچەوانەوە هەندێک خۆراکیش زیان بە جومگەکان دەگەێنێت. ئەو خۆراکانەی هەوکردن لە جەستەدا زیاد دەکەن وەک شەکری درووستکراو، هەندێک شیرینی درووستکراو، ئەو خۆراکانەی مادەی پارێزەریان تێدایە، وەک خواردنە لە قوتونراوەکان، گۆشتی سوور، ئاردی سپی و مەعکرۆنی ئازاری جومگەکان زیاد دەکەن.
ئەو خۆراکانەی کە دژە هەوکردنن وەک میوە و مزرەمەنییەکان، دانەوێڵە تەواوەکان و بەهاراتەکان ئازاری جومگە کەم دەکەنەوە.
کەمکردنەوەی سترێس و گرژی باری دەروونی:
کاتێک باری دەروونی تێک دەچێت و گرژ دەبێت، هەموو جەستە دەچێتە قۆناغی هەوکردن کە هەندێک جار وا دەکات جومگەکان تووشی هەوکردن و ئاوسان بن. هەروەها سترێس دەبێتە هۆی ڕژانی هۆڕمونی کۆرتیسۆڵ لە جەستەدا کە ئەمیش ڕێژەی درووستکردنی کۆلاجینی پێویست بۆ جومگەکان کەم دەکاتەوە و دەبێتە هۆی زوو داخورانی جومگەکان. هەروەها گرژی باری دەروونی کاریگەری هەیە لە سەر لاوازبوونی ماسولکەکان.
کێشت دابەزێنە:
مەرج نییە کێشت نموونەیی بێت بەڵام باشترە چەند دەتوانیت کێشت نزیک ببێتەوە لە ئاستی نۆرماڵ.
بەکارهێنانی پێکهاتە ڕووەکییەکان:
گرنگە کە بتوانرێت ئازارشکێنی سرووشتی بەکار بهێندرێت بۆ کەمکردنەوەی ئازاری جومگەکان، بە تایبەت لەو کەسانەی کە هەموو کات ئازار و گرژبوونی دەوری ئەژنۆیان هەیە. بەکارهێنانی پێکهاتەی ڕووەکی کاریگەرییەکی باشی هەیە وەکوو چای ڕووەکی یان چای سەوز، چای زەنجەفیڵ، یان زەیتی ڕووەکی./.