بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر سۆران سابر عوسمان باسی ئەو شەش هەڵەی کردووە و ئامۆژگاری ئەوەشیکردووە لە لە کاتی ئامادەکردنی شیری منداڵ دووبارە نەکرێتەوە.
ئەو شەش هەڵەیەش بریتین لە:
1 – زیاد ئاو تێکردن یان خەست کردنەوە و کەم ئاو تێکردن بە هەر مەبەستێک بێت هەڵەیە، پێویستە چۆن لە سەر قوتوەکە نووسراوە بەو شێوەیە ئامادە بکرێت نە زیاد و نە کەم، لە بەر ئەوەی کە کاریگەری خەراپی لە سەر گەشەی منداڵەکە دەبێت.
2 – هەڵگرتنی شیری ماوە بۆ کاتێکی دیکە و دووبارە پێدانەوەی. نابێت ئەو شیرەی دەمێنێتەوە هەڵبگیرێت و جارێکی دیکە بە منداڵەکە بدرێتەوە، ئەوەش مەترسی توشبوونی بە هەوکردن بە دواوە دەبێت.
3 – بوونی یەک دانە مەمە شوشە و پاکنەکردنەوەی بە شێوەیەکی درووست هەڵەیە و منداڵ تووشی هەوکردنی ڕیخۆڵە و سکچوون و ڕشانەوە دەکات. پێویستە چەند مەمە شوشەیەکی هەبێت و بە شێوازێکی درووست و بە ئاوی گەرم و سابون پاک بکرێنەوە لە پاش هەر شیرپێدانێک.
4 – ئامادەکردنی شیر بە ئاوی ئاسایی هەڵەیە، پێویستە ئاوی کوڵاو پاش ئەوەی کە سارد دەبێتەوە بەکار بهێندرێت بۆ ئامادەکردنی شیری منداڵەکە، ئەمەش تا تەمەنی یەک ساڵییە و پاش ئەوە ئاساییە کە ئاوەکە نەکوڵێنرێت.
5 – بەکارهێنانی مایکرۆ وەیڤ بۆ گەرمکردنەوەی شیر هەڵەیە، ئەگەر پێویستی کرد شیر گەرم بکرێتەوە ئەوا مەمە شوشەکە بخرێتە ناو ئاوی گەرمەوە تا ئەو کاتەی گەرم دەبێتەوە.
6 – بەکارهێنانی شیری کیسە بۆ منداڵی کەمتر لە سێ ساڵ هەڵەیە، هەروەها زۆر گۆڕینی شیر و بەکارهێنانی شیری تایبەت بە بێ ڕاوێژی پزیشکی پسپۆڕ هەڵەیە، هەر شیرێک لە سەری نووسراوە کە بۆ چ تەمەنێک و چ مەبەسێک گونجاوە./.