بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە چاوپێکەوتنی نیکۆلای پاترۆشۆف سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ڕووسیا کە ڕۆژی چوارشەممە 9 ی تشرینی دووەمی 2022 لە تاران بەڕێوەچوو، وتی: ئیرادەی ئێران و ڕووسیا بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە ستراتیژییەکانە لە سەرجەم بوارەکان و هاوکاری وڵاتانی سەربەخۆش دەتوانێت بەهێزترین وەڵامی سیاسەت و ستراتیژی ئاژاوەگێڕیی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بێت.
ناوبراو وتی کە سیاسەتی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران دژایەتی شەڕە و بەرزبوونەوە و بەربڵاوبوونی ئاستی شەڕ بووەتە هۆی نیگەرانیی سەرجەم وڵاتان.
نیکۆلای پاترۆشۆف سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ڕووسیاش لەو چاوپێکەوتنەدا بە ئاماژە بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان مۆسکۆ و تاران وتی: بۆ پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە بواری سیاسی، بازرگانی، وزە، کشتووکاڵ و ترانزێت، چالاکانە هەوڵ دەدەین و لێژنەی هاوبەشی ئابوریی ئێران – ڕووسیا بە وردی بەدواداچوون بۆ ڕێکەوتنی نێوان سەرۆک کۆمارانی هەر دوو وڵات دەکات.
پاترۆشۆف هەروەها بە ئاماژە بە هاوکارییەکانی نێوان ڕووسیا و ئێران لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان وتی: بوونی جیهانێکی چەند جەمسەری لە پێناو بەرژەوەندی سەرجەم وڵاتانی جیهانە./.